زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەموو ساڵێک لە 26ی حوزەیران یادی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەنەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، زیاتر لە ساڵێكە لە “هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” بەردەوام بووە.
داوای ئەوەی سەرۆک بارزانی، لە ڕێكەوتی 15/5/2025 لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و لاوان، ڕایگەیاند: “شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا. جاران شەڕی فڕۆکە و تانک و تۆپ بوو. هەتا کیمیاباران، ئەنفال، بەڵام بڕوا بکەن، شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە. شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختتر و مەترسیدارترە.”
دواتر لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆڕبەندێكدا لە ڕێكەوتی 29\5\2025 لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر، بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، “هەڵمەتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” ڕاگەیاند.
پێشتر و لە ساڵی 2024، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاری ڕێکخراوی LDSی ئەمریکی و بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین و پێشکەوتووترین سەنتەری شیاندنەوە و هۆشیارکردنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانیان لە هەولێر دانا، لەم سۆنگەیەوەش دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە “هەڵمەتی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان”ی دەستپێکردووە.
هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە شەش سێكتەر كار دەكات و لە ساڵی 2025 دەیان چالاكیی جۆراوجۆر و كۆڕ و سیمیناری، لە ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندن، كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و بەتایبەت بۆ مامۆستایانی ئایینی كردووەتەوە، بەو ئامانجەی كە هەمووان پێكەوە بتوانین، ڕووبەڕووی ئەو دیاردە نەگریسە(بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر) ببنەوە، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، دەبێت هەمووان ڕووبەڕووی «تیرۆری سپی» ببینەوە.
زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەموو ساڵێک لە 26ی حوزەیران یادی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەنەوە. ئەم ڕۆژە لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی1987 وەک ڕۆژێکی نێودەوڵەتی دیاری کرا، بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و هاوکاریکردنی وڵاتان لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەکان.
ماددەی هۆشبەر چییە؟
ماددە هۆشبەرەکان بریتین لەو ماددانەی کە کاریگەرییان لەسەر مێشک و سیستەمی دەمار هەیە و دەتوانن هەست، بیرکردنەوە، ڕەفتار و بڕیارەکانی مرۆڤ بگۆڕن.
بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC)، نزیکەی 296 ملیۆن کەس لە جیهاندا و لە چەند ساڵی ڕابردوو جۆرێک لە ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. زیاتر لە 39 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بوون و پێویستییان بە چارەسەری هەیە، ساڵانەش هەزاران کەس بە هۆی بەکارهێنان و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەست دەدەن.
پسپۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خێزان یەکەم سەنگەری پاراستنی منداڵان و گەنجانە لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان. گفتوگۆی کراوە، چاودێریی دروست، و پشتگیریی دەروونی دەتوانن ڕێگری لە زۆر کێشە بکەن.
هەروەها قوتابخانەکان، زانکۆکان، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دووركەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەكان.
ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا بۆ یادکردنەوە نییە، بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە بە كرداری كە پێویستی بە هاوکاریی هەموو لایەک هەیە؛(خێزان، قوتابخانەوە، حکومەت و ڕێکخراوە ناحكوومییەكان و میدیاكان).
بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، پشتگیریی تووشبووان و زیادکردنی دەرفەتی ژیانێکی باشتر، دەتوانرێت کۆمەڵگەایەکی تەندروست و ئاسوودەتر بنیاد بنرێت.
لە هەرێمی کوردستان چەندین ناوەندی تایبەت بە چارەسەری و گەڕاندنەوەی تووشبووان بۆ ژیانی ئاسایی کار دەکەن، بەڵام پسپۆڕان ڕایان وایە پێویستی بە زیادکردنی ناوەند و خزمەتگوزارییەکان هەیە. هەر بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جگە لە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گشتگیر بۆ هوشیاریی كۆمەڵگە و دووركەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەر، گەورەترین ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانیشی بونیاد ناوە، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و ساخڵەممان هەبێت.
ئا: سالار بابەشێخ








