ئامێری مەمۆگرافی بۆ سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر دابین دەكرێت

لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر بەڕێوە چوو، پڕۆژەی دابینكردنی تێچووی ئامێری مەمۆگرافی بۆ سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر ڕاگەیەندرا.

بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (موسا ئەحمەد)، جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق (هیرۆشی هۆنجۆ)، كونسووڵی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان (هیتۆشی ئیشیزووكا)، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر (د. دلۆڤان محەمەد)، بەڕێوەبەری سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر (د. سۆزان هۆشیار)، نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان (سیهام جەبەلی مامەند) و ژمارەیەك لە پزیشكان و چالاكی مەدەنی و میدیاكاران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٤/١/٢٠٢٥ لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر بەڕێوە چوو، پڕۆژەی دابینكردنی تێچووی ئامێری مەمۆگرافی بۆ سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر ڕاگەیەندرا.

لە دەستپێكی ڕێوڕەسمەكەدا د. عەباس ئازاد، بەڕێوەبەری یەكەی تەندروستی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوە كرد، تا ئێستاش لە ئاستی جیهاندا شێرپەنجە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مردن و ساڵانە زیاتر لە ١٩ ملیۆن کەیسی نوێ تۆمار دەکرێن. ئەوەشی خستەڕوو كە شێرپەنجەی مەمک زۆرترین جۆری شێرپەنجەیە لە نێوان ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا و دۆزینەوەی خێرای نەخۆشییەكە لە ڕێگەی پشکنینەوە کاریگەر زۆری هەیە بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن و باشترکردنی جۆری ژیانی ئەوانەی تووشی بوون. گوتیشی: “لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، شێرپەنجەی مەمک بە خێرایی زیاد دەکات و زۆرجار لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا دەدۆزرێتەوە، ئەمەش بەهۆی دەستپێگەیشتنی سنووردار بە ئامێرەکانی پشکنین و کەمبوونی زانیاری لە نێوان خەڵکدایە”.
وەك باسی كرد، پڕۆژەی دابینكردنی ئامێری مەمۆگرافی بۆ سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر و پڕۆژەكانی هاوشێوەی ئامانجیان گۆڕینی ئەم دۆخەیە و بە دابینکردنی ئامێری مەمۆگرافی و زیادکردنی ژمارەی یەکەکان لە هەولێر، بەرچاوڕوونی و توانای زیاتر دەدات بە پزیشکان کە بە زوویی شێرپەنجەكە دەستنیشان بكەن و ژیانی هەزاران کەس ڕزگار بکەن.

 لە كۆتایی وتەكانیشیدا سوپاسی حکومەتی ژاپۆن و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە عێراق كرد،  بۆ بەخشینی بەسخاوەتیان، کە نموونەی ڕوونی هاوکاریی مرۆییەو جەختی لەوەش كردەوە كە پشتگیرییەکانی لەوجۆرە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستیی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێت.

دواتر هیرۆشی هۆنجۆ، جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، دڵخۆشیی خۆی لەوە دەربڕی  کە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بووە.

وەك باسی كرد،  بۆ  یەکەم جارە كە سەردانی هەولێری كردووە و هەر لەو بارەیەوە گوتی:  ئەمڕۆ زۆر سەرسام بووم بە چالاکیی ئابووری و ژیانی ئارام و سەقامگیریی و ئاسایشی خەڵکی هەولێر كە یەکێکە لەو شارە گەشەسەندووانەی عێراق”.

 هێمای بۆ ئەوەش كرد كە وڵاتی ژاپۆن لە دوای زیانەکانی جەنگ و لە كاتی گەشەپێدانی زیاتر پشتگیری هەولێری کردووە، بەتایبەتی  لە بوارەکانی ژێرخاندا، وەك دروستکردنی تۆڕی کارەبا و سیستەمی ئاوی خواردنەوەی کردووە، کە هەموویان لە ڕێگەی قەرزی یەنی ژاپۆن (JICA) پارەدار کراون. هەروەها پلانی گەشەپێدانی هەولێر تا ساڵی ٢٠٥٠ بە هاوکاریی JICA و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە. جەختی لەوەش كردەوە كە دامەزراوەی ژاپۆنی IVY لە دروستکردنی قوتابخانە و دیزاینی پڕۆگرامی خوێندن بە شێوازی ژاپۆنی لە هەرێمی كوردستان کاری كردووە. وڵاتەكەشی بۆ چارەسەری کێشەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، هاوکاریی مرۆیی پێشکەش كردووە، بەتایبەتی پشتگیریی ئاوەدانکردنەوەی شنگال کە یەکێکە لە ناوچە گرنگەکان بۆ ئاوارەکانی جەنگ.

جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، لە بڕگەی كۆتایی وتارەكەیدا باسی كەرتی تەندروستی كرد و گوتی: “ناوەندی شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە گرنگترین نەخۆشخانەکان، چونکە تەنیا نەخۆشخانەی گشتییە تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک کە خزمەتی زیاتر لە ٣ ملیۆن ژن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم ناوەندە پزیشکییە ستافێکی زۆر باش و شارەزای هەیە، بەڵام توانای تاقیکردنەوەی پزیشکییەکەی زۆر کەمە بەهۆی نەبوونی ئامێر و کەرەستەی پێویست.
ئەمڕۆ شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە بە ناوی باڵیۆزخانەی ژاپۆن و حکومەتی ژاپۆن واژۆی گرێبەستی هاوبەشی پڕۆژەی نوێمان بکەم، كە پڕۆژەی دابینکردنی ئامێری مەمۆگرافی بۆ ناوەندی شێرپەنجەی مەمکە لە پارێزگای هەولێر. هیوادارم ئەم پڕۆژەیە بتوانێت پێویستییە گرنگەکانی ناوەندەکە جێبەجێ بکات”. گوتیشی: “لە کۆتایی قسەکانمدا، جارێکی دی سوپاس و پێزانینم پێشکەش دەکەم بۆ هەموو ئەوانەی بەشدار بوون لەم پڕۆژەیەدا و هیوادارم ئەم دەرفەتە بکەین بە هۆی قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانمان”.

 دواتر موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، تیشكی خستە سەر ئەو خاڵانەی كە بۆ كۆمەڵگە پێویستن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام هەوڵی داوە گۆڕانكاری لە پڕۆژەكانیدا بكات.

ئاماژەی بەوەش كرد كە ئامێری مەمۆگرافی، ئامێرێكی زۆر گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی بۆ هەولێر، بۆیە پیرۆزبایی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ بەدەستخستنی ئەم ئامێرە و جەختی لەوەش كردەوە كە هەم خەڵكی خۆجێ و هەم ئاوارە و پەناربەران لە هەرێمی كوردستان لێی سوودمەند دەبن.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بڕگەیەكی دیكەی وتەكانیدا، سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی خۆجێ و ئاوارە و پەناربەرانی لە هەرێمی كوردستان كردووە. سەبارەت بە هاوكارییەكەی وڵاتی ژاپۆنیش گوتی: “جێی خۆیەتی سوپاسێكی بێ پایانی وڵاتی ژاپۆن بكەین، كە لە هەموو ئەو بارودۆخە ناخۆشانە هاوكارمان بوون، بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ ئاوارە و پەنابەران كە جێدەستیان دیارە و پڕۆژەی گرنگی ئاوەدانكردنەوەشیان هەبووە، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كە جێگەی دەستخۆشین”.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا جەختی لەوە كردەوە، وڵاتی ژاپۆن ئەزموونێكی زۆر سەركەوتوویان هەیە و پێویستە هەرێمی كوردستان سوود لەو ئەزموونە وەربگرێت، بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی بنیادنانەوەدایە نیازی بە گواستنەوەی ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی ژاپن هەیە. هاوكات خوازیاری هەماهەنگی زیاتر و پشتیوانیی دەوڵەتی ژاپۆن بوو بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاریكارییە مرۆییەكانی و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هێشتا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندان و بە ڕاهێنانیان دەتوانن بە ئەزموونی زیاترەوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە. گوتیشی: “ئەمە یەكەم پڕۆژە نییە كە لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن ئەنجامی دەدەین، پڕۆژەی دیكەشمان هەبووە و هیوادارین ئەو هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنە بەردەوام بێت”.

دوابەدوای وتارەكەی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گرێبەستێك لە لایەن كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هیرۆشی هۆنجۆ جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، بۆ دابینكردنی تێچووی ئامێری مەمۆگرافی بۆ سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر واژۆ كرا. بە پێی گرێبەستەكە بڕی ٩٠ هەزار دۆلار بۆ كڕینی ئامێرەكە دابین دەكرێت.

لە بەشی كۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە، د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سوپاسگوزاری خۆیانی بۆ وڵاتی ژاپۆن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبڕی و گوتی: ” وڵاتی ژاپۆن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر دوو لایەن لە چەندیم پڕۆژە هاوكاریی كەرتی تەندروستییان كردووە، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون، بۆ ئەوەی ئێمە باشتر بتوانین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیانی خۆشەویست بكەین”.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئامێری مەمۆگرافی ئامێرێكی زۆر پێشكەوتووە كە بە ئاسانی شێرپەنجەی مەمك دەستنیشان دەكات. ئەوەش كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەتایبەتی بۆ ئافرەتان. ئەوەش خستەڕوو كە بەڕێوەبەراەیەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە هاوكاری لەگەڵ سندوقی كۆمەك بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، ماوەیەكە دەستیان كردووە بە پشكنینی پێشوەختە بۆ دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی مەمك، بۆ ئەوەی بە زووترین كات تووشبووان چارەسەر وەربگرن.

باسی ئەوەشی كرد، سەنتەری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر لە ساڵی 2004ـەوە دەستی بە كارەكانی كردووە و چەندین پسپۆڕی تایبەتیان هەیە بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك و نەشتەرگەری و لە ساڵی 2025 زیاتر لە 12 هەزار كەس پشكنینیان بۆ ئەنجام دراوە.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest