لە زاخۆ پڕۆژەیەكی پەروەردەیی بۆ منداڵانی نەخوێنەواری ئاوارە جێبەجێ دەكرێت

نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زاخۆ،  بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئازار فواندەیشن بۆ منداڵانی جیهان، پشتیوانیی پڕۆژەی خوێندن لە زاخۆ دەكات.

لە پڕۆژەیەكدا كە بۆ ماوەی پێنج  مانگ  بەردەوام دەبێت، 50 منداڵی ڕۆژئاوای كوردستان پێداویستیی خوێندیان بۆ دابین دەكرێت، لەوانە كڕینی جلوبەرگ بۆ هەموویان، هەروەها دابەشكردنی جانتا و پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن و لەو ماوەیەشدا فێری خوێندن و نووسین دەكرێن.

یەكێك لە ئەولەوییەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای ئازار فواندەیشن، سێكتەری پەروەردە و خوێندن و فێربوونە و لەو بەراەشدا كار و چالاكیی بەرچاویان هەبووە.

ئەو منداڵانە بە هۆی ئاوارەیی و هەژاریی خێزانەكانیان نەیانتوانیوە بڕۆنە بەر خوێندن و لەو مافەیان بێبەش بوون. بۆیە هەوڵ دەدرێت، لەو ماوەیەدا بە تەواوی فێری خوێندن و نووسین بكرێن.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بایەخی جددی بە بواری پەروەردە و فێركردن و پەرەپێدان دەدات، كە پێكدێت لە دابینكردنی پێداویستیی خوێندن، خولی هۆشیاری پەروەردەیی، بنیادنان و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و سەنتەرەكانی ڕاهێنانی پەروەردەیی، خوێندنی فەرمی، بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی و هاندان بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن. هەروەها پێداویستیی خوێندنی ساڵانە بۆ قوتابیان دابین دەكات.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی سێکتەری پەروەردەدا، بایەخی زۆری بە دابینکردنی پێداویستییە پەروەردەییەکان داوە، لەوانە (دروستکردنی قوتابخانە، دابینكردنی پێداویستیی قوتابخانە، دابەشكردنی جانتا و پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن، کردنەوەی خولی بەهێزکردنی زمانەکان و خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری، هۆشیاریی پەروەردەیی و هۆکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسە گوازراوەکان و… هتد).

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساڵانە لە ڕێگەی بەخشەر و خێرخوازان و وڵاتانی هاریکاربەخش و ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە، ڕۆڵی گەورەی بووە لە بەرجەستەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ پەروەردە و خوێندن، بەردەوامیش هاریکاری پرۆسەی خوێندنی کردووە، لە ناوخۆی کوردستان و لە کەمپی ئاوارە و پەنابەراندا بەتایبەتی پاڵپشتیی ئەم کەرتەی کردووە.

ئا : سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest