تیمێکی پزیشکی لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری تەندرووستی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە رێکەوتی ١٧/١/٢٠٢١ گەیشتنە قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەم تیمە پزیشکییە بە هاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتوونەتە قامیشلۆ و پاش رێکخستنەوەی ئامێرە پزیشکییەکان و ئامادەکارییەکان یەکەم نەشتەرگەری گۆڕینی بۆڕییەکانی دڵیان بە سەرکەوتووی ئەنجامدا.
لە ماوەی ئەو سەردانەدا ٤ نەشتەرگەری دڵ بە سەرکەوتووی ئەنجامدران و راهێنان بە کارمەندان و پزیشکەکانی قامیشلوو کرا.
وەزیری تەندرووستی رۆژئاوا و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دڵ و چاڤ بەردەوام پاڵپشتی تیمەکە بوون و زۆر خۆشحاڵ بوون بەو هاوکارییەی تیمی پزیشکی نەشتەرگەری دڵی هەرێمی کوردستان.
ئەم تیمە پێکهاتبوو لە پێنج پزیشکی پسپۆڕ و دوای ٩ رۆژ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لە کۆتایی ئەرکەکەیاندا لە لایەن وەزیری تەندروستی رۆژئاواوە لە مەراسیمێکدا رێزلێنانیان پێشکەش کرا.