رێككەوتی 7/7/2021 لە هۆڵی وەرزشی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر، بەبۆنەی كۆتاییهاتنی دووەمین پرۆژەی دروستكردنەوەی پەلی دەستكرد بۆ (100) كەس، كە بەهاوكاری و هەماهەنگی دەوڵەتی كوەیت و كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی جێبەجێ دەكرێت بە ئامادەبوونی بەڕێزان (ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.عومەر ئەلكیندری كونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان، د.سامان بەرنجی وەزیری تەندروستی، كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و نوێنەری ژمارەیەك لەرێكخراوە جیهانی و نێوخۆییەكان بەڕێوەچوو.
لەدەستپێكی رێوڕەسمەكەدا خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد و دواتر وتاری بەخێرهاتنی میوانان خوێنرایەوەو تیشك خرایە سەر گرنگی ئەم پرۆژەیە كە چینێكی دیاریكراو لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن و ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتری لەم جۆرە بەپێویستییەكی هەنووكەیی زانرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر: زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كونسوڵگەری دەوڵەتی كوەیت دەكەین كە پێكەوە پرۆژەیەكی وا گرنگ جێبەجێ دەكەن
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وتەیەكیدا بەم بۆنەیەوە تیشكی خستە سەر گرنگی ئەم پرۆژەیە و رایگەیاندن: زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كونسوڵگەری دەوڵەتی كوەیت دەكەین كە پێكەوە پرۆژەیەكی وا گرنگ جێبەجێ دەكەن و لە ئێش و ئازاری ئەم بەڕێزانە تێدەگەن و هەوڵی پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانیان دەكەن لەپێناو ئەوەی دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە.
عومەر ئەلكندری، كونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت: برایانمان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی شانازی بە هاوبەشی دەكەین لەگەڵتان
د. عومەر ئەلكندری، كونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: لە راستیدا زۆر خۆشحاڵین بە ئامادەبوونمان لەم مەراسیمانە كە تیایدا دەستكەوتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبینین و بەرهەمی هاوبەشی نێوان دەزگا و دەوڵەتی كوەیت و كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتییە بەتایبەتی، لە راستیدا ئەم هەڵمەتە بێوێنەیە ناوی (الكویت بجانبكم) ی هەڵگرتوە دەستی پێكردووە لە سەرەتای ساڵی 2015 ەوە دەستی پێكردووە بە دەستپێشخەری جەنابی خوالێخۆشبوو شێخ جابر ئەحمەد ئەلجبار ئەلسوباح كە دەستپێشخەری پێشكەشكردنی هاوكاری لە ئەستۆی خۆی گرت بۆ برایانمان لە كۆماری عێراق و كەمكردنەوەی ئێشوئازاریان، پاڵنەرەكان بۆ كاری مرۆیی لەم هەڵمەتە جیاواز بوو بەسەر چەندین سێكتەر و یەكێك لە لایەنە گرینگەكان لایەنی تەندروستی بوو لەوانەش دانانی پەلی دەستكرد یوو. سوپاس بۆ خوا تا ئێستا توانیمانە بە هاوكاری رێكخراوەكانی كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری لە پارێزگای هەولێر چارەسەری زیاتر لە 887 كەس بكەین. ئێستا خۆشحاڵین بە ئامادەبوونی برایانمان و كوڕەكانمان دوای وەرگرتنی چارەسەری و كۆتاییهێنان بە دانانی پەلی دەستكرد بە جۆرێك بگەڕێنەوە ژیانی تایبەتی خۆیان ببنە لایەنێكی دروست كردن لە كۆمەڵگە، ئەم هەڵمەتەش ئامانجی هەبوو كە بریتی بوو لە دروستكردنەوەی مرۆڤ و بونیادنانەوەی و بە هاوكای خوای گەورە سەركەوتنی بێپایانی بە دەستهێنا .
ئەم هەڵمەتەش سەركەتوو نەدەبوو بە بێ هەوڵی برایانمان لە هەرێمی كوردستان چ لایەنەكانی حكومەت لە پارێزگاكان و بەتایبەت برایانمان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە شانازی بە هاوبەشی دەكەین لەگەڵتان، كە لایەنی كاری خێرخوازی جۆراوجۆر بوو لەگەڵیان و لەراستیدا رشت بوون لەسەر دیارخستنی ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەكی جوان .
هیوای سەركەتن وسەرفیرازی دەكەین بۆ هەموان دەكەین لەگەل زیاتر لە سەركەوتن، دەوڵەتی كوەیت بەڵێنتان پێدەدات بە بەردەوامی یارمەتی و هاوكاری پێشكەش بكات بەوەی كە دەتوانێت لە كەمكردنەوەی ناخۆشی برایانمان لە ئاوارە و پەنابەر و ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن و لە هەموو پارێزگاكانی عێراقن ..
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لەم پرۆژەیەدا بەبێ جیاوازی لە پارێزگاكانی كوردستان و عێراق سوودمەندبوونە و هیوادارین ببینە جێگەی متمانە و بڕوای هەموولایەك
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا: زۆر سوپاسی بێپایانی دەوڵەتی كوەیت و كونسوڵخانەی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەردەوام دەستپێشخەرییەكی زۆر باش بووە كە توانیومانە لەگەڵ بەڕێزیان كۆنتاكتێكی زۆر باش لەگەڵ وڵاتانی كوەیت و دەوروبەر دروست بكەین، رێكخراوەكانی دەوڵەتی كوەیت رۆڵێكی بەرچاویان هەیە لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.
ئەم پرۆژەیە بۆ جاری دووەمە پێكەوە ئەنجامی دەدەین، بەراستی كاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەیە و دڵنیام هیچ لە ئێمە بەقەد سوومەندبووان لە نرخی ئەم پرۆژەیە نازانن، ئەم پرۆژەیە زیاتر لە 296 هەزار دۆلاری ئەمەریكی تێچووە و كاریگەری زۆر باشی هەبووە، لەم پرۆژەیەدا بەبێ جیاوازی لە پارێزگاكانی كوردستان و عێراق سوودمەندبوونە و هیوادارین ببینە جێگەی متمانە و بڕوای هەموولایەك.
خاتوو كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین بەردەوام رۆڵی گەورەیان گێڕاوە بە خزمەتكردنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا
خاتوو كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا، پیرۆزبایی لەم بەڕێزانە دەكەین كە لە پرۆژەیەكی وەها گرنگدا پەلی دەستكردیان بۆ دروستكراوە، ئەم بەڕێزانە دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن لە دامودەزگاكانی حكومەتدا، هەروەها تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ گەیشتن بە خەون و ئاواتەكانیان، ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێن دەدەین درێغی ناكەین لە خزمەتكردنی كەمئەندامان و هاوكاریكردنیان، خۆمان بە پارێزەری ماف و ئیمتیازاتەكانیان دەزانین. لە كۆتاییدا زۆر بەگەرمی سوپاسی دەوڵەتی كوەیت دەكەین كە چەندین جارە دەستی كۆمەك بۆ كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیانی تایبەت دەكەن، هەروەها زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین بەردەوام رۆڵی گەورەیان گێڕاوە بە خزمەتكردنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بە كەمئەندامانیشەوە.
رێوڕەسمەكە بە چەند نمایشێكی وەرزشی و شانۆ و هەڵپەڕكێ و دابەشكردنی دیاری كۆتایی هات.