نزیكەی 20 هەزار خێزان لە پرۆژەی گۆشتی قوربانی سوودمەند دەبن

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: سوپاسی وڵاتانی كۆمەكبەخش و خواپێداوان دەكەین بەردەوام پاڵپشتی پرۆژە خێرخوازییەكانمان دەكەن
رێككەوتی 20/7/2021 بەبۆنەی جەژنی قوربان و لە یەكەم رۆژی مەراسیمی جەژندا لە سەربڕخانەی شاری هەولێر رێوڕەسمی كوشتنەوەی 116جوانەگا و 66 سەرمەڕ كە بەهاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی و ئەمانەی گشتی دەوڵەتی كوەیت و رێكخراوی یەد رەحمە بۆ گەشەپێدان و فریاگوزاری و مانگی سووری عێراقی لقی هەولێر و مانگی سووری توركی و خێرخوازانی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە پرێس كۆنفرانسێكدا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیشكی خستەسەر پرۆژەی گۆشتی قوربان و رایگەیاند: لەدڵەوە زۆر سوپاسی ئەمانەی گشتی ئەوقافی كوەیتی و قونسوڵگەری گشتی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان و مانگی سووری ئیماراتی و دەوڵەتی ئیمارات و فونسوڵخانەی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان و خێرومەندان و خواپێداوانی كوردستان دەكەین، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كردۆتە سەرچاوەیەك و پردێك لەنێوان خواپێداوان و خێرخوازان بە ئامانجی گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان بەبێ جیاوازی بەسەر هەژاران و ئاوارە و پەنابەران و خەڵكی خۆجێی كوردستاندا دابەشی بكەین، ئەمە جێگەی سەربەرزییە بۆ ئێمە و سوپاسی متمانەی بەردەوامیان دەكەین.
هەروەها سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا لەم پرۆژەیەدا نزیكەی 20 هەزار خێزان لە وەرگرتنی گۆشتی قوربان سوودمەند دەبن كە هەر خێزانێك (1.5كلغم) گۆشتی بۆ دیاریكراوەو بە رەچاوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما گۆشتەكان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی ساردكەرەوە دەگەیەنینە خێزانەكان و دابەشی دەكەین.
موسا ئەحمەد لەبارەی ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی بۆ ئەم پرۆژەیە دەكوژرێنەوە و دەكرێنە قوربانی، ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 116 جوانەگا و زیاتر 66 سەرمەڕ لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی كوەیت و ئیمارات و پشتیوانەكانی و مانگی سووری عێراقی و رێكخراوی یەد الرحمە بۆ گەشەپێدان و فریاگوزاری و مانگی سووری توركییەوە ئامادەكراون و لەشارەكانی (هەولێر، سلێمانی، كەركووك، گەرمیان، دهۆك، نەینەوا، هەڵەبجە) جێبەجێ دەكرێت.
لەبارەی شێوازی دابەشكردنی پرۆژەی گۆشتی قوربان لە شار و شارۆچكە و ئەو شوێنانەی خێزانەكان لێی سوودمەن دەبن. بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: بەپێی ئەو پلانەی دانراوە شێوازی دابەشكردنەكان بەم جۆرە دەبن: لەسنووری پارێزگای هەولێر دانیشتووانی كەمپەكانی (بەحركە، حەسەنشام1-2، خازر، دیبەگە، كەورگۆسك، قوشتەپە، باسرمە، دارەشەكران) و 500 خێزانی خاوەن منداڵانی ئازیز سوودمەند دەبن، كە تێكڕای ژمارەی سوودمەندان دەكاتە (13521) خێزان. هەروەها بۆ پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بەهەمانشێوە (2000) خێزان و لە پارێزگای دهۆك و دەوروبەری و كەمپی بەردەڕەش (2060) خێزان و لە پارێزگای نەینەوا (1000) خێزان و لە پارێزگای كەركووكیش (1000) خێزان لەپرۆژەی گۆشتی قوربان سوودمەند دەبن.

 

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest