ئێوارە ئاهەنگێكی خێرخوازیی و هونەری بۆ خاوەن پێداویستیانی تایبەتی دەڤەری شەقڵاوە بەڕێوەچوو

رۆژی چوارشەممە رێككەوتی 15/9/2021 لە شارۆچكەی شەقڵاوە بە ئامادەبوونی بەڕێزان (موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئیبراهیم شێخەڵڵا قایمقامی شەقڵاوە و د. جەنگی جەلال) و ژمارەیەك لە كەسایەتی ئیداری و كەسوكاری خاوەن پێداویستیانی تایبەتی دەڤەرەكە، ئێوارە ئاهەنگێكی خێرخوازیی و هونەری بۆ خاوەن پێداویستیانی تایبەتی شارەكە رێكخراو و تیایدا ژماریەك وتار پێشكەشكران و چەندین هونەرمەند ئاهەنگێكی گۆرانیان پێشكەش كرد و دواتر تیپی هەڵپەڕكێی كەمپی باسرمەی پەنابەران چالاكی هونەری خنجیلانەیان پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

سەرەتای رێوڕەسمەكە بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و بەخێرهاتنی سەرجەم میوانان و بەرپرسانی ئیداری شاری شەقڵاوە كرد و ئاماژەی بەوەدا: دڵخۆشین ئەمڕۆ بە چالاكییەكی جیاواز لەشێوازی كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستداین، بەناوی هەموو كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی برای بەڕێزمان د. جەنگی جەلال خۆشناو دەكەین بۆ پێشكەشكردنی ئەو بیرۆكە جوانە لەگەڵ هاوڕێ و هونەرمەندە دۆستەكانی، بۆ ئەوەی ئێوارەیەكی خۆش بۆ خاوەن پێداویستیانی تایبەتی ئەم دەڤەرە بڕەخسێنن. ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەماوەی كاركردنماندا هەست بەوە دەكەین پشت ئەستوورین بە كولتورێكی گەورەی بەخشین و هاوكاریكردنی یەكتری لە ناو كولتووری كوردەواریدا.

دواتر بەڕێز (د. جەنگی جەلال) كەسایەتی بەخشەرو هاوكار و خاوەن بیرۆكەی ئەم چالاكییە، وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە ئەم بیرۆكەی ئێمەیان پەسەندكرد و كاری باشیان لەسەر كرد و وەك ئەمڕۆ دەبینین لێرەین و هەموومان پێكەوەین و كەشێكی خۆشی هونەری بەسەر دەبەین. ئێمە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ ئەم ئاهەنگەمان بۆ كەسوكار و خاوەن پێداویستیانی تایبەت لە دەڤەری شەقڵاوە رێكخستووە و ئومێدی سەركەوتن و ژیانێكی باشتریان بۆ دەخوازین.

هەر لەو رێوڕەسمەدا (ئیبراهیم شێخەڵڵا) قایمقامی شەقڵاوە، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و رایگەیاند: سوپاس بۆ رێكخستنی ئەم ئاهەنگە خنجیلانەیە بۆ خاوەن پێداویستیانی تایبەتی دەڤەری شەقڵاوە، بێگومان ئەم چینەی كۆمەڵگا كە بەهۆكارگەلێك وایكردووە بەشێكی جەستەیان لەدەست بدەن، ئێمە هەوڵدەدەین پێكەوە هاوكار و هەماهەنگیان بین و كێشەو كەموكوڕییان بۆ چارەسەر بكەین و تێكەڵی كۆمەڵگەیان بكەینەوە. هەروەها رایگەیاند: جێگەی دەستخۆشییە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەوەتەی دامەزراوە رۆڵی گەورە و كاریگەری هەبووە لە سێكتەرە جیاوازەكانی ژیاندا هاوكاری چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بكات بەتایبەتیش چینی هەرە گرنگی خاوەن پێداویستیانی تایبەت، چونكە ئەم چینە زیاتر پێویستی بە ئاوڕلێدانەوە هەیە.

دواتر وتاری نوێنەری خاوەن پێداویستیانی تایبەتی دەڤەرەكە لەلایەن بەڕێز (سامان حاجی عەبدوڵڵا) پێشكەشكرا و ئاماژەی بەوەدا: بەناوی رێكخراوی باوەڕ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان زۆر سوپاسی میوانان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و د. جەنگی جەلال دەكەین بۆ رەخساندنی ئەم كەشە هونەری و خێرخوازییە خنجیلانەیە، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان زۆربەیان خاوەنی بەهرەی گەورە و ناوازەن، دەتوانرێت لە بوارە جیاوازەكاندا پشت بە تواناكانیان ببەسترێت و سوودی بۆ كۆمەڵگە و خۆیشیان هەبێت و بەردەوام بن لەسەر بیرۆكە و پرۆژەكانیان. خاوەن پێداویستیانی تایبەت هەمیشە كۆڵیان نەداوەو بەهرەكانیان تاقیكردۆتەوە، ئەمەش پێویستی بە پشتگیری و هاندانی زیاتری هەموو لایەك دەبێت.


لەكۆتایی ئێوارە ئاهەنگەكەدا هاوكاری پارسێلی خۆراك و تەندروستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوكاری كاشی خێرخواز (د.جەنگی جەلال) پێشكەشی (21) خاوەن پێداویستی تایبەتی دەڤەری شەقڵاوەو دەوروبەری كرا.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest