مووسا ئەحمەد: لە مانگی رەمەزان نزیکەی 14 هەزار منداڵی ئازیز (بێباوک) لە پڕۆژەی ئازیزان سوودمەندبوونە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی ئیمارات لە چوار چێوەی بەردەوامیدان بە پڕۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تایبەت بە منداڵانی بێباوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا، تیایدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری دەوڵەتی ئیمارات دابەشکردنی گەڕێکی نوێی مووچەی ئازیزانی راگەیاند.
مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، کە تەنها لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا 13،820 سێزدە هەزار و هەشت سەت و بیست منداڵی ئازیز (بێباوک) لە پرۆژەی ئازیزان سوودمەندبوون ، کە بەشێکی زۆر بە هاوکاری دەوڵەتی ئیمارات پشتگیری دەکرێت، هەر بەم مەبەستەش سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی دەوڵەتی ئیمارات و کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەماهەنگیییە بەردەوامەی لە نێوان هەردوولا هەیە و راشی گەیاند داواکارن ئەم هەماهەنگی و هاوکارییەی نێوان هەردوو لا هەیە بەردەوامبێت، وهەروەها داوا لە هەموو وڵاتانی کۆمەک بەخش و خێرومەندەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە هەماهەنگی و هاوکاریکردنی پرۆژەی ئازیزان و گشت پرۆژەکانی دەزگا بەردەوامبن کە تاوەکو ئێستا رۆلێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە.
لە لای خۆشیەوە ئەحمەد زاهری کونسولی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ بەردەوامبوونیان لەگەڵ مانگی سوری ئیماراتی و ئەنجامدانی کارەکان بە لێهاتوویانە لە ساڵی 2011ـەوە، دەوڵەتی ئیمارات لە رێی مانگی سوری ئیماراتیەوە ویستویانە هاوکاری ئەم چینە بکات کە چینی ئازیزانە، و ناونانی ئازیز بۆ ئەم چینە چەندین مانای گەورە هەڵدەگرێت.
زاهری دەڵێت: لە سەرەتای دەستبەکاربونمانەوە لە هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا تێبینی ئەوەمان کردووە کە زۆر بە تایبەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم چینە دا دەکرێت، بە تایبەتی بەرێز مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەتەلەفون قسەیان لەگەڵ دەکات و پرسیاری خەون و ئاواتی داهاتوویان لێ دەکات بۆ ئەوەی کارئاسانی و هەولی هێنانەدیان بۆ بدات، و بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان حەزیان دەکردن ببن بە پزیشک و ئەندازیار واتە کەسانی کاریگەرن لە نێو ئەم کۆمەڵگایەدا.
پڕۆژەی ئازیزان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بە بەردەوامی زیاتر لە 15 هەزار مندالێ ئازیز مووچەی مانگانە وەردەگرن، کە بەشێکی لەلایەن دەوڵەتی ئیماراتەوە لە رێی مانگی سوری ئیماراتی و بەشێکیشی لە لایەن خێرومەندان و هاوبەشە نێوخۆییەکان دابین دەکرێت.

