پرۆژەی گۆشتی قوربانی لە رۆژانی جەژندا.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی گۆشتی قوربانی بەسەر ئاوارە و پەنابەران وخێزانی كەمدەرامەت دابەش دەكات.
پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان بەردەوامە و چەندین هاوكاری جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، هەر لەم چوارچێوەیەدا پرۆژەی رۆژانی جەژن راگەیەندرا كە گۆشتی قوربانی لە خۆ دەگرێت.
پرۆژەی گۆشتی قوربانی چەندین لایەن لە خۆ دەگرێت كە بە هاوكاری رێكخراوە جیهانی و ناوخۆییەكان وكەسایەتیە خێرخوازییەكان جێبەجێدەكرێت و لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا بەردەوام دەبێت و هەزاران كیلۆ لە گۆشتی قوربانی بەسەر كەسانی كەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەر و خێزانی ئازیزان دابەش دەكرێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری مانگی سوری ئیماراتی دەیان جوانەگا دەكاتە قوربانی و لە هەر چوار رۆژی جەژن بەسەر ئاوارەكان وپەنابەران دابەشدەكرێت، لەم هاوكاریانە هەزاران خێزان سودمەند دەبن.
هەر لە چوارچێوەی پرۆژەكانی جەژنی قورباندا، گۆشتی قوربانی بەسەر 1،300 خێزانی ئازیزان لە شاری هەولێر لە رۆژانی جەژنی قورباندا دابەش دەكرێت ، ئەم هاوكاریانەش ئەو خێزانە ئازیزانە دەگرێتەوە كە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناویان تۆمار كراوە و هەروەها لە دەشتی هەولێر و گەرەكەكانی ناو سەنتەری شاری هەولێر هاوکارییان پێشکەش دەکرێت .
لە لایەكی دیکە هەر لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەل رێكخراوی (ید الرحمە) هەستا بە كوشتنەوەی 39 سەر مەر و دواتر بەسەر ئاوارەكان دابەش كرا و لەگەل كەسایەتیە خێرخوازەكانیش دەیان سەر مەڕ و جوانەگا كرایە قوربانی و بەسەر كەمپ و گەرەكەكان دابەش كرا.
لە كەمپی بەحركە 1 دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی كرد بە دابەشكردنی گۆشتی قوربانی بەسەر 660 خێزانی ناو كەمپەكە و ژمارەی سودمەندبوو گەیشتە 3،300 كەس، هەروەها لە كەمپی حسن شام U3 بە هەماهەنگی لەگەل رێكخراوی بدار گۆشتی سور دابەشكرا بەسەر 400 خێزانی ناو كەمپ و 4,000 کەسیش سودمەندبوون.
جێی باسە دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو نەرێتێكی ساڵانە لە جەژنی قورباندا گۆشتی سور بەسەر خانەوادەی كەم دەرامەت و ئازیزان و ئاوارە و پەنابەران دابەش دەكات، ئەم هاوكاریانەش لەگەل رێكخراوە جیهانی و ناوخۆیی و كەسانی خێرخواز بەردەوام دەبێت و بۆ ئەم ساڵیش پرۆژەی گۆشتی قوربانی لە هەر چوار رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest