دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٢٠ قوتابخانە لە سنوری بەرێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک نۆژەن دەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەمە ٢٨/٧/٢٠٢٢ دەزگایی خێرخوازی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەرێوبەری خوێندنی کوردی کەرکوک لەگەڵ بەرێوبەری هۆبەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی کەرکوک و رێبوار محیەدین بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نۆژەن کردنەوەی ٢٠ قوتابخانەی لە سنوری بەرێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک راگەیاند، نۆژەنکردنەوەی ئەم ٢٠ قوتابخانەیە بەشێکە لە پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: لەسەر راسپاردەی بەرێوبەری خوێندنی کوردی کەرکوک لەگەڵ سەرپەرشتیاری هۆبەی خوێندنی کوردی کەرکوک، قوتابخانەکانمان هەڵبژاردوون، وەهەوەها راشیگەیاند بە گشتی کار لە چوار بوار دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە ( کارەبا، ئاو و ئاوەرۆ، ئاسنگەری، بۆیەکردن) و قوتابخانەکان لەم چوار بوارەدا نۆژەن دەکرێنەوە.
بە گوێرەی پلانەکان بەر لە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان، پرۆسەی نۆژەن کردنەوەکە تەواو دەبێت و قوتابخانەکان رادەستی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی کوردی کەرکوک دەکرێنەوە.
پاشان بەرێوبەری خوێندنی کوردی کەرکوک رایگەیاند، بەرێوبەرایەتیەکەمان خاوەنی هیچ داهاتێک نیە، ئەو داهاتە کەمەی کە لە فرۆشگاکانیش دەستمان دەکەوێت دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی، بۆیە ئێمە هیچ داهاتێکمان نیە تاوەکو قوتابخانەکانمان نۆژەن بکەینەوە، بۆیە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم کە پشکی کەرکوکیان لە پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە زیاد کرد و ئەمەش مایەی خۆشحاڵیە، لەکۆتایی قسەکانیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ هاوکاریەکان و ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا بەرێوبەری هۆبەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی کەرکوک رایگەیاند، لە کاتێکدا بەڵێندەرەکانی تر پرۆژەکانیان بە تەواو نەکراوی جێهێشتووە و جێمان دەهێڵن، مایەی خۆشحاڵیە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتێکی وەهادا هاوکاریمان دەکات و جێگای خۆشحاڵیە کە بەم ماوە کورتە پرۆسەی نۆژەن کردنەوەکان بە کۆتا دەگەیەنن، لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتیەکانی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ٢٤ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و پارێزگای هەولێر و سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.