دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوری عێراقی-لقی هەولێر سەنتەری ئۆتیزمی کردەوە.
دووشەمە ١/٨/٢٠٢٢، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قەزای کۆیە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەرێزان (کوێستان محەمەد) وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و (یوسف چاوشین) بەرێوبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی و (موسا ئەحمەد) سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و (هاورێ ئیحسان)سەرۆکی مانگی سوری عێراقی لقی هەولێر و پارێزەر سەفین یاسین سەنتەری ئۆتیزمیان کردەوە.
موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگا رایگەیاند، ئەمە یەکەم جارمان نیە لە کۆیە پرۆژە ئەنجام دەدەین و بەدڵنیایەوە لە داهاتوویەکی نزیکتر پرۆژەی تر لەم ناوچەیە ئەنجام دەدەین، لە کۆتایی قسەکانیدا بەڵێنی دا کە جیاکاری ناکەن لە نێوان هیچ ناوچەیەکی کوردستان و بەبێ جیاوازی خزمەتی تەواوی ناوچەکان دەکەن.
گەرچی تا ئیستا ئامارێکى ورد لە هەرێمى کوردستان بەردەست نیە. بەڵام ئەوانەی سەردانی سەنتەرەكانی ئۆتیزمیان كردووە یان بە فەرمی ناویان تۆمارە لە سەنتەرەكانی هەرێمی كوردستان (سەنتەری حکومی و سەنتەری ناحکومی)، دەگوترێت زیاترە لە ٣ هەزار كەس و ساڵانە ٥٠ منداڵ بەم ژمارەوە زیاتر دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە مانگی 5ی 2021 بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د.محەمەد فەلاحی ئەمینداری گشتی مانگی سووری ئیماراتی و ئەحمەد زاهری کونسوڵی گشتی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمى کوردستان، سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە شاری هەولێر کرایەوە.