دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٥٠ قوتابخانە لە سنوری بەرێوبەرایەتی پەروەردەی دهۆک نۆژەن دەکاتەوە بە گوژمەی 500.000$
لە رێکەوتی ١\٨\٢٠٢٢، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەرێوبەری گشتی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی دهۆک و بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نۆژەن کردنەوەی ٥٠ قوتابخانەیان لە سنوری بەرێوبەرایەتی پەوەردەی دهۆک راگەیاند.
عەبدولواحید ئەمین بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: ئامانجمان لەم پرۆژەیە رەخساندنی ژینگەیەکی باشترە بۆ قوتابیان و هاوکاری کردنیانە لە پرۆسەی خوێندن و فێربوون، هەڵبژاردنی قوتابخانەکان بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و بەرێوبەراتی پەروەردەی دهۆک، هەروەها گوتی ئەو ٥٠ قوتابخانەیەی نۆژەن دەکرێتەوە بەشێکیان دەکەونە ناوچەکانی وەک ( ناوشار – ئاکرێ – زاخۆ – ئامێدی)، قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە لە چوار سێکتەری جیاواز وەک ( ئاو و ئاوەرۆ – بۆیەکردن – دەرگا و پەنجەرە – کارەبا)، نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان بەر لە دەست پێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کۆتاییان دێت و رادەستی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی دهۆکی دەکەنەوە.
لە دوایدا بەرێوبەری گشتی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی دهۆک رایگەیاند: نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان لە کاتێکی وەهادا زۆر گرنگە و شایەنی پێزانینە، بە تایبەت کە ئێمە بەرەوە ساڵی نوێی خوێندن دەچین، وە بێگومان ئەم نۆژەن کردنەوەیە ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان دەستەبەر دەکات بۆ پرۆسەی خوێندن، لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە هەمیشە پاڵپشتی پەروەردە و قوتابیانی خۆجێێ و قوتابیانی ئاوارە بووە، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواست.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە 24/7/2022 بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و پارێزگای هەولێر و سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.