دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٢٠ قوتابخانە لە سنوری بەرێوبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە نۆژەن دەکاتەوە.
رۆژی شەمە ٣٠/٧/٢٠٢٢ دەزگایی خێرخوازی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نۆژەن کردنەوەی ٢٠ قوتابخانەی لە سنوری بەرێوبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە راگەیاند، نۆژەنکردنەوەی ئەم ٢٠ قوتابخانەیە بەشێکە لە پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان.
هەڵبژاردنی ئەم ٢٠ قوتابخانەیە بە هەماهەنگی بووە لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ بەرێوبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە و یەکەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی هەڵەبجە، بڕیار وایە بەر لە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان، پرۆسەی نۆژەن کردنەوەکە تەواو ببێت و قوتابخانەکان رادەستی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە بکرێنەوە، بە پێی ئامارەکان بۆ ئەم ساڵی خوێندن نزیکەی ٢٥٠٠ قوتابی لەم ٢٠ قوتابخانەیە کە نۆژەن دەکرێنەوە درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن.

سەرپەرشتیاری پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند، قوتابخانەکان بەبەردەوامی ساڵانە پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابووریەوە چەند ساڵێکە قوتابخانەکان نۆژەن نەکراونەتەوە، لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری پەروەردەی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و ئەم نۆژەن کردنەوەیەی بە دیاری وەسف کرد
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ٢٤ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و پارێزگای هەولێر و سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەی نۆژەن کردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.