دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك هەمیشە لە سێكتەری پەروەردە و گەشەپێداندا بایەخێكی زۆری بە قوتابیان بە گشتی و تووشبووانی ئۆتیزم بە تایبەتی داوە، كەشێكی پەروەردەیي گونجاوی بۆ رەخساندوون، بۆ ئەوەی بە بنەما سەرەكییەكانی زانست و پەروەردە ئاشنا بكرێن و سوودی لێ ببینن.
گەڕانەوەی 6 قوتابی لە سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتی بۆ قوتابخانەی ئاسایی
رۆژی دووشەممە رێككەوتی 12/9/2022 ئاهەنگی دەرچوونی 6 قوتابی ئەنجام درا، ئەم قوتابییانە دوای دەرچوونیان لەم سەنتەرە،ئاراستەی قوتابخانە دەکرێن وەك ھەر قوتابییەکی ئاسایی درێژە بە خوێندن و فێربوون دەدەن.
لە سەنتەری ئۆتیزم بە سیستەمێكی نێودەوڵەتی و پشت بەستن بە رێكارەكانی پەروەردەی تایبەت، دەیان قوتابی وانەیان فێر دەكرێت. مامۆستا و خۆبەشی پسپۆر رۆژانە و بە دوو دەوامی بەیانی و ئێواران كاری فێركاری دەكەن، ئەو خزمەتگوزارییانەش كە پێشكەشی قوتابیان دەكرێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تەواوی لە ئەستۆی خۆی گرتووە و ئەركی ئیدارە و بەڕێوەبردنی سەنتەرەكەش لە ئەستۆی خۆیەتی.
لە سەنتەری ئۆتیزم 30 مامۆستا و 80 قوتابی دەوام دەكەن
دەوامی مامۆستایان و قوتابیان دوو بەشە و بە سەر دەوامی بەیانیان و ئێواراندا دابەش دەكرێن. بەیانیان 59 قوتابی و ئێواران 21 قوتابی و كۆی گشتی 80 قوتابی لە سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتی دەوام دەكەن.
هەر منداڵێك لە نێوان 80 تا 135 كاتژمێر وانەی پێ دەوترێت و بە شێوەیەكی زانستی و تایبەت كاری فێركاری بۆ دەكەن ، جگە لە مووچەی مانگانەی سەرپەرشتیاران وكرێی ئیداری لە ساڵێكدا هەر منداڵێك 7000 دۆلار تێچووی هەیە.
ساڵی 2021 چوار منداڵ گەڕانەتەوە بۆ قوتابخانەی ئاسایی، ئەو قوتابیانەش كە تێكەڵ دەكرێنەوە لە لایەن سەنتەری ئۆتیزم چاودێری دەكرێن.
ساڵی 2022 شەش منداڵ گەڕاونەتەوە بۆ قوتابخانەی ئاسایی و 9 منداڵیش لە گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەی ئاسایی نزیك بوونەتەوە.
لە ئێستادا 519 منداڵ ناویان تۆمار كراوە و چاوەڕوانی وەرگرتنیان لە دەوامی بەیانیان دەكەن، 39 منداڵیش چاوەڕوانی وەرگرتنیان لە دەوامی ئێواران دەكەن.
فراوان كردنی سەنتەر زۆر پێویستە
سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتی لە رێوڕەسمێكدا رێككەوتی 26/5/2021 لە شاری هەولێر كرایەوە، بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بەو منداڵانەی تووشبووی ئۆتیزمن بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو وەربگرن و دووبارە بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە و ژیانێكی ئاساییان هەبێت. ئەو رێوڕەسمە بە ئامادەبوونی هەر یەك لە بەڕێزان كوێستان ئەحمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەلایەتی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، محەمەد ئەلفەلاحی سەرۆكی گشتیی دەستەی مانگی سووری ئیماراتی ئەحمەد ئەلزاهیری كونسوڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارت لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتی بە هاوبەشیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كونسوڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان دروست كراوە. شایانی ئاماژە پێدانە بە هۆی ئەوەی تا ئێستا 558 منداڵی تووشبووی ئۆتیزم هەر لەو سەنتەرەدا ناویان تۆمار كراوە و چاوەڕوانی وەرگرتنیان دەكەن، هەروەها بە هۆی ئەوەی رێژەكەشیان بەرز دەبێتەوە، زۆر پێویستە سەنتەرەكە بەرفراوانتر و ژمارەی راهێنەران زیاتر بكرێت.