لە رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا

بە پاڵپشتیی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر و بازاڕ میدیا، لە رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا (3/12/2022) ئاهەنگێك بۆ خاوەن پێداویستییانی كوردستان ساز کرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک دەزگایەکی چالاک لە بواری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوو و لەلایەن بازاڕ میدیاوە خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش کرا.
لەو رێوڕەسمەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، قوتابی و مامۆستایانی چەند پەیمانگا و قوتابخانەی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم ئامادە بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم ئاهەنگەدا بە هەلی زانی خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە دەزگای خێرخوازیی LDSی ئەمریكی بکات، بەرانبەر ئەو هەماهەنگییە بەردەوامەی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانییان هەیە، كە لە زۆربەی پڕۆژەكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستییان هاوكار و پاڵپشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.
هەر لەو رێوڕەسمەدا جانتا و پەڕاوگەی قوتابخانە لە لایەن كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەر قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش كرا.
رۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 1992 کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 3/47 ی پەسەند کرد و، رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی وەک ڕۆژی جیهانیی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەستنیشان کرد، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان کار بکرێت بۆ ئەوەی مافەکانیان دەستەبەر بكرێن.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە یەک ملیار کەس کە دەکاتە 15%ی دانیشتووانی جیهان خاوەن پێداویستیی تایبەتن، لەو ژمارەیەش 80%یان لە وڵاتانی دواکەوتوو و تازە گەشەکردووەکاندان.
بە گوێرەی دەزگای ئاماری نێوەندی عێراق، نزیکەی شەش ملیۆن کەس لە عێراق خاوەن پێداویستیی تایبەتن، هۆكارەكەشی جگە لە نەخۆشیی زكماگی و گواستراو، زیاتر بۆ بەردەوامیی شەڕ و کوشتن و تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییەکان دەگێڕنەوە. لە هەرێمی کوردستانیش 100 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت بە فەرمی تۆمار كراون..

Lists

8 Videos
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest