دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ چەندین رێکخراوی کوردی و بیانی، لە كۆڕبەندی ساڵانە بۆ کەمە نەتەوەکان كە لە پایەتەختی سویسرا (جنێڤ) بەڕێوە چوو، بەشداری كرد.
لەو کۆڕبەندە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ (2 -3/12/2022) بەردەوام بوو، ئاوات مستەفا نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و، بە وردی تیشكی خستە سەر پێشێلکارییەکان و ئەو هەڕەشە و پەلاماردانەی رووبەڕووی کوردستانییان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2017، كە تا ئێستاش مەترسییەكان بەردەوامە.
هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەلگەی نێودەوڵەتی کرد، بە ئەرکی یاسایی و مۆراڵیی خۆیان هەستن و ئەوەشی دووپات كردەوە كە پاراستنی کورد و کوردستان لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە.
هەر لە میانەی کۆڕبەندەکە نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ توێژەر و لێکۆلەرانی مافەکانی مرۆڤ و نوێنەری چەندین رێکخراوی کوردی و بیانی ئەنجام دا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هەماهەنگیی باشتر و خستنە رووی ئاریشە و گرفتەکانی کەمە نەتەوەکان لە ناوچەکە، پشتگیریی هەموو رێکخراوەكانی کوردستانی و عێراقی دەکات.




