دوای ئەوەی دەستەی فریاكەوتنی مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئازادییەكانIHH لە توركیا، تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەشداریكردن لە خولی رزگاركاری بانگهێشتی توركیا كرد، رێككەوتی 23/11/2022 تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە 17 كەس پێكهاتوون، لە یەكەم رۆژی مەشق و راهێنانەكان بەشدارییان كرد.
ئەو خولە لە قۆناغی یەكەمدا بۆ ماوەی 9 رۆژ بەردەوام بوو. خولەكە سێ بوار لە خۆی دەگرێت.
یەكەم: گەڕان و رزگاركردن لە شوێنە سەخت و بەرزەكان.
دووەم: گەڕان و دۆزینەوە و رزگاركردنی خەڵك لە ژێر بینایەی رووخاو (بە هۆی بوومەلەرزە، تەقینەوە، یان هەر هۆكارێكی دی).
سێهەم: گەڕان و ڕزگاركردن لە ناو گۆماو و رووبارە قووڵەكان.
قۆناغی دووەمی خولەكە ساڵی داهاتوو (2023) لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. واتە راهێنەرانی IHH دێنە هەرێمی كوردستان و لە قۆناغی سێیەم و كۆتایی 9 كەس دەستەبژێر دەكرێن، بڕوانامە و مۆڵەتی مامۆستایی و راهێنەرایەتییان پێ دەبەخشن.
دەستەی فریاكەوتنی مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئازادییەكانIHH ساڵی 1992 دامەزراوە و، یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە 1800 خۆبەخش كاری تێدا دەكەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامانجی گەورەی بۆ خزمەتكردنی لێقەوماوان هەیە. بۆیە جگە لە گەیاندنی هاوكارییەكان و هاریكاری ئاوارە و پەنابەران، پلانی بۆ فریاكەوتنی خێرا و چالاكیی رزگاركردنیش داناوە. بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حكوومی و ناحكوومی لەو بوارشدا چالاكی دەبێت.