بە ئامادەبوونی بەڕێزان هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دكتۆر عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی راگەیاندندا لە سۆران، رۆژی دووشەممە رێككەوتی 30/1/2023 پرۆژەی دابینكردنی دوو ملیۆن لیتر نەوت بۆ خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت راگەیەندرا.
سەرەتا بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وێڕای بەرزنرخاندنی فریاكەوتن و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی خێرخوازانی كوردستانی كرد، كە لەو وەرزی سەرماوسۆڵەدا بە دابینكردنی نەوت بۆ خێزانە هەژار و كەم داهاتەكان، بە هانای خەڵكەوە هاتوون. جەختی لەوەش كردەوە، كە پرۆژەكە جگە لە خزمەتكردنی خەڵكی كەم دەرامەت، خزمەتی پاراستنی ژینگەش دەكات.
دواتر بەڕێز دكتۆر عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەكەیدا باسی ئەوەی كرد، ئەمڕۆ لە هەموو كونگرە جیهانییەكاندا پرسی ژینگە تاوتوێ دەكرێت، بە هۆی ئەوەی هەندێك وڵاتانی پێشكەوتوو كە بەروبوومێكی باشیان هەیە، بەڵام بایەخیان بە ژینگە نەداوە، ژینگەیان رووبەڕووی مەترسیی گەورە كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە هەر رێگەیەكەوە بێت، پێویستە هەوڵی پاراستنی ژینگە بدەین. لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بە دژواربوونی وەزی زستانی سەختی ناوچە كرد، داوای لە حكومەت كرد، بە دابەشكردنی سووتەمنی ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیان بكات. رەخنەشی لە بڕینەوەی داری دارستانەكان لە ناوقەدەوە گرت، كە لە ئێستادا بووەتە دیاردە و زیانی زۆری بۆ دارستان و سرووشت و ژینگە هەیە.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە دوابەشی وتاركەیدا، ئەو چالاكییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرز نرخاند و گوتی: “ئەم پرۆژەیەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە رەهەندە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكەی و خزمەتكردنی خەڵكی كەم داهات، خزمەتی پاراستنی ژینگەش دەكات.
لە لای خۆیەوە بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو دابەشكردنی نەوتە كە ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت، لە پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆی پارێزگاكانی دیكەش ئەنجام دەدرێت. سەبارەت بە چۆنیەتی و چەندایەتی پرۆژەكەش ئاشكرای كرد: بڕی 2،000،000 لیتر نەوتی سپی بەسەر 20 هەزار خێزاندا دابەش دەكرێت. لە سۆران و هەولێر 600،000 لیتر، هەروەها لە سلێمانی راپەڕین و گەرمیان 600،000 لیتر، لە هەڵەبجە 200،000 لیتر، لە دهۆك و زاخۆش 600،000 لیتر نەوتی سپی دابەش دەكرێن و هەر خێزانێك 100 لیتر نەوتی سپی بەردەكەوێت. ئەوەشی دووپات كردەوە، كە بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی دابەشكردنی نەوتەكە بارودۆخ و تایبەتمەندیی دەڤەرەكە لەبەر چاو گیراوە. بۆ نموونە 50%ی ئەو نەوتەی پشكی پارێزگای هەولێرە لە سۆران دابەش دەكرێت. هەروەها گوندە شاخاوییەكان و وەزری زستانی سارد و ژینگەی پێكەوە گرێ دا. بەوەی كە دابەشكردنی سووتەمەنی رێكارێكە بۆ پاراستنی ژینگە و نەبڕینەوەی داری دارستانەكان.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە تەوەرێكی دیكەی پەیامەیدا گوتی: “ئێمە كە ئەم پرۆژەیەمان پێشكەشی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد، بە سوپاسێكی زۆرە جەنابیان یەك ملیار و 610 ملیۆن دیناری بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان كرد. دیسان دەرگەی پرۆژەكەمان بە كراوەیی هێشتەوە، بۆ هەموو ئەو كۆمپانیا و خێرومەندانە كە بە سوپاسەوە هەمیشە وەك چیایەك پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، لەم پرۆژەیەدا بە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بەشدارییان كردووە. هێشتاش پرۆژەكە بەردەوامە، ئێمە بەوەشەوە نەوەستاوین و لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەڕێز وەزیری نەوتی عێراقیش قسەمان كردووە، كە ئەوان بە نرخی حكوومی نەوتەكە بە ئێمە بدەن، بەتایبەتی كە بەرنامەمان هەیە، ماوە پرۆژەكە درێژ بكەینەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی سوودمەندان زیاتر بن. بە سوپاسەوە ئەوان رەزامەندییان دەربڕیوە.
لە بەشی كۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا سەرۆكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وەڵامی پەیامنێراندا سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی حكوومی بۆ هاووڵاتیان گوتی: “لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بڕێك نەوت هاتووە، كە بە دابەشكردنی ئەوەش دەكرێت بەشێك لەو بۆشاییەی پێداویستی هاووڵاتیان پڕ بكەینەوە




