پەیامی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئێوارەخوانێكدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرس و دانیشتووی عەفرین:

بە ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو خەڵكی كوردستانەوە پێتان رادەگەیەنم كە ئەوان هەموویان دڵیان لای ئێوەیە. كارەساتێكی زۆر ناخۆش و مەزنە و پێش روودانی ئەم كارەساتە
ئێمە هەمیشە لە رۆژی دامەزرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵمان داوە ب خزمەتكردنی ئێوە خۆمان بگەیەنێنە عەفرین، زۆر كەسیش لێرەن شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن، كە ئێمە تا چ ئاستێك هەوڵمان داوە بە ئێوە بگەین، بەڵام قەدەر وای كرد، نەتوانین ئەو ئامانجەمان بۆ خزمەتكردنی خەڵكی عەفرین بەدی بێنین. ئێمە لە هەر رێگەیەكەوە، لە رێگەی UNHCR و هەر رێكخراوێكی نێوەدەوڵەتییەوە هەوڵەكانمان بۆ ئەو مەبەستە خستەگەڕ، ئەمڕۆ دەبێت سوپاسی دەوڵەتی توركیا بكەین، كە بەڕاستی هاریكار بوون و كارئاسانییان كرد بۆ ئەوەی ئێمە بە ئێوە بگەین. لە یەكەم چركەكانی روودانی ئەم كارەساتەدا جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێمەی راسپارد كە بە خێرایی خزمەتی ئێوە بكەین. بۆ ئێمەش زۆر گرینگ بوو كە پێش هەمووان دەستپێخەری بكەین و بە خزمەتی ئێوە بگەین.
ئێمە بە ئامانجی خۆمان گەیشتین و لێرەوە پێتان دەڵێین كە ئێمە هەموو كەسوكاری یەكدین.
جێی خۆیەتی سوپاسی ئیدارەی عەفرین بكەین كە بەڵێنیان بە ئێمە دا، كە ئێمە ئۆفیسی خۆمان لێرە بكەینەوە. هەر كەسێك پێویستی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبێت، خاوەنی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە و ئێوی ئازیزیش خاوەنی دەزگای خێرخوازیی بارزانین. هاتووین خزمەتی ئێوە بكەین و، ببینە پردێك لە نێوان مەینەتی و ئازاری ئێوە و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە دەخوازن هاریكاری ئێوە بكەن و هەمووان پێكەوە بتوانین تا راددەیەك برینەكانتان ساڕێژ بكەین.
هیوادارم ئەو رۆژەش ببینین كە جارێكی دی لێرە پێكەوە كۆببینەوە و دڵی ئێوە بە خۆشی ببینین و دڵی عەفرینیش شاد بكەین. سلاو لە بووكی كوردستان لە عەفرینی جوان و لێرەشەوە جارێكی دیی سڵاوی جەنابی سەرۆك بارزانی بە هەموو خەڵكی رەسنی عەفرین بە هەموو پێكهاتەی نەتەوەیی عەرەب و كورد و پێكهاتەی ئایینی موسڵمان و مەسیحی و شوێنكەوتووانی ئایین و ئایینزاكانی دیكە دەگەیەنین. ئێمە هیچ جیاوازییەك لە نێوانیان ناكەین. هەموویان خەڵكی ئازیزن بۆ ئێمە و ئەوەش بە ئێمە جێبەجێ بكرێت، درێغی ناكەین.
ئێمە دەبێت بڕۆین و لەگەڵ هاوكارانی خۆمان لە هەڵمەتی فریاگوزارییەكان بەردەوام بین، بەڵام تیمێكمان لێرە(عەفرین) دەمێنن و لە خزمەتی ئێوەدا دەبن. ئەو هاوكارییەش ئێمە هێناومانە لە بەرانبەر ئەو مەینەتی و كارەساتەی بەسەر ئێوەی ئازیزدا هاتووە، گەلێك كەمە و ئێمە لە گەیاندنی كاروانەكانی دیكەی هاوكاری لەوانە بەتانی و خێوەت و پێداویستییەكانتان بەردەوام دەبین. ئەگەر ئۆفیسی ئێمەش لە عەفرین بێت، ئەوا گەلێك خزمەتگوزاری دیكە دەتوانین بۆ ئێوەی ئازیز دابین بكەین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest