لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) سەنتەری خانمانی خانەنشین دەكاتەوە

بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د. كوردستان موكریانی كەسایەتیی ئەكادیمی و نووسەر و رووناكبیر، د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، ئیسماعیل بەرزنجی نووسەر و رۆژنامەنووس، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگی و هونەری و چالاكی مەدەنی، رێككەوتی 8/3/2023 هاوكات لەگەڵ رۆژی جیهانیی ئافرەتان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەنتەری خانمانی خانەنشینی لە پارکی شاری هەولێر کردەوە.
لەو رێوڕەسمەدا سەرەتا بەڕێز نووسەر و رۆژنامەنووس ئیسماعیل بەرزنجی وێڕای پیرۆزبایی و بەخێرهاتنی ئامادەبوون، باسی پڕۆژەكەی كرد و گوتی: ئەم شوێنە (پاركی شاری هەولێر) لە ناو جەرگەی ئەم پایتەختە خۆشەویستەمان شوێنی یادەوریی و سۆزی رابردووی چەندان نەوەیە، ئەم سەنتەرەش دەستەخوشكی موزەخانەی پەروەردەیە، ئەم سەنتەرە بۆیە دروست كراوە، خانمانی خانەنشین شوێنێكیان هەبێت، كە كاتی خۆیانی تێدا بەسەر ببەن، لێرەش دەتوانن چی كۆبوونەوە و رێوڕەسمیان هەیە، جێبەجێی بكەن، دڵنیاشم لە پاشەڕۆژدا دەتوانین ئەو سەنتەرە بەرفراوانتر بكەین و هەمووان پێكەوە رووە جوانەكەی پایتەختەكەمان جوانتر پیشان بدەین”. ئەوەشی خستەڕوو كە پاركی شاری هەولێر ساڵی 1936 لەسەر دەستی كوردێكی باكوور بە ناوی خەلیل ئەفەندی دروست كراوە.
دواتر د. كوردستان موكریانی، كەسایەتیی ئەكادیمی و سكرتێری پێشووی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، وێڕای پیرۆزبایی رۆژی 8ی مارس، لە ئاخافتنێكدا بۆ ئامادەبووان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی: “دەمەوێ زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەم بۆ ئەوەی زۆر مەردانە هاتنە پێشەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە، هەروەها بەڕێز كاك ئۆمێد خۆشناو كە هەمیشە بە دەنگمانەوە هاتووە، بۆ هەر داواكارییەك كە هەمانبووە، ئێمە كە ناوی خانەنشینمان لێ نراوە، لە بەر ئەوەیە لە دەرەوەی ماڵ كارمان كردووە، بۆیە ئێمە خانەنشین نین و خانەی ئەزموونین، خانەی زانست و زانیارین، گەنجینەیەكی دەوڵەمەندین تژی لە هزر و بیرین، لە پاڵ ئەوانەشدا ئێمە نەنكین، دایكین، خوشكین، پوورین… بۆیە ئێمە كانیاوێكین هەمیشە خۆشەویستی و لێبووردەیی و بەخشین لە ئێمە دەچۆڕێتەوە، ئێمە درەختێكین كە لە ژێر سێبەری ئێمەدا ئێوەی گەنجان دەحەسێنەوە. ئەم سەنتەرە چاكترین و جوانترین و شیاوترین شوێنە بۆ ئەوەی ئێمەی هاوتەمەنەكانی خۆمان لێرە بیروڕا بگۆڕینەوە، مۆمی لەدایكبوونمان لێرە داگیرسێنین. سمینار رێك بخەین، گەنجەكان بێنینە لای خۆمان و پێیان بڵێین ئێمە كێین؟.. ئێمە مانگرانی ساڵی 1963ین، لە قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندیی كچانی هەولێر، كە پشتگیریمان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكرد. ئێمە لە راپەڕیندا بە بەرد و دار هەرچی خوێنمژی كورد هەبوو، لە هەولێرمان راونان. ئەمە سەنتەرێكی خنجیلانەیە، ئێمە كۆدەكاتەوە، بەڵام شایانی زۆر لەمە زیاترین”.
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بەو پڕۆژەیە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو تێچووەكەی لە ئەستۆ گرتووە، گوتی: “بەداخەوە كار و ئەركی ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر ئەوەیە بە هانای لێقەومانەوە بڕوین، بەڵام ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین كە خزمەتی دایك و خوشكی خۆمان دەكەین”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە خانمانی خانەنشین، خاتوونە ماندوویی نەناسەكانن، شایانی زۆر زیاترن و مافی خۆیانە كە شوێنێكی شایستەیان بۆ حەوانەوە و پشوو هەبێت.
لە لای خۆیەوە بەڕێز ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وتارێكدا بۆ میدیاكان، سپاس و پێزانینی خۆی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەربڕی و، رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆردا بەرز نرخاند. گوتیشی: “كاتێك ئەو بیرۆكەیەمان لەگەڵ خۆشەویستان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی باس كرد، ئەوان هیچ دەرفەتێكیان نەدا، گفتوگۆ بكەین، یەكسەر بڕیاریان دا و گوتیان ئێمە ئامادەین و تێچووی دروستكردنی ئەو سەنتەرە لە ئەستۆی خۆمان دەگرین”.
سەنتەری خانمانی خانەنشین لە ناو “پاركی شار”ی هەولێردایە و ئەو پاركە ساڵی 1936 لەسەر دەستی كوردێكی باكوور بە ناوی خەلیل ئەفەندی دروست كراوە. شوێنی تایبەتیشی تێدا بۆ پیاوانی خانەنشین دروست كراوە، ساڵانێكی زۆرە زۆربەی بەساڵاچووان رۆژانە لەو پاركەدا بە یەكدی شاد دەبنەوە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest