شاندێکی رێکخراوی کاریتاس ئیسن، ڕۆژی یەكشەممە رێككەوتی 19/3/2023 سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و بەڕێزان سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و جێگر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بە گەرمی پێشوازیییان لە بەڕێز (کڵاوس ئینگڵ) سەرۆکی رێکخراوی کاریتاس و سەرۆکی شاندەکە و شاندی یاوەری کرد، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان مارکۆس کامپلینگ، شیرزاد تۆماس و بیرگیت شتیفتەر.
نوێنەرانی رێکخراوی کاریتاس ئیسن سەرەڕای دەستخۆشی دووبارەیان لە کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سووریا و هاوکاریی پەنابەر و ئاوارەکان، خۆشحاڵی و سوپاسی خۆشیان بۆ کارکردنی بەردەوامیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەربڕی، دووپاتیشیان کردەوە، لە ئایندەش هەوڵ دەدەن لە ئەنجامدانی پرۆژە هاوبەشەکان بەردەوام ببن و هەوڵ بۆ فراوانترکردنی کارەکان بدەن.
شاندی میوان وێڕای گەیاندنی سوپاس و پێزانینی قوتابیانی قوتابخانەی ئەلبەرت ئەنیشتان لە شاری ئیسینی ئەڵمانیا بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەخشینی قوتابییەکانی قوتابخانەکەشیان پێشکەشی دەزگا کرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە قوربانیانی بوومەلەرزە لە عەفرین.
بەڕێز موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وێڕایی سوپاسی هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی رێکخراوی کاریتاس بۆ پرۆژە و هەڵمەتەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بە پەیامی قوتابیانی قوتابخانەی ئەلبێرت ئەنیشتاین و دووپاتی کردەوە، کە دەزگا هەرچی لە توانایدا بێت، بۆ گەیاندنی پتری هاوکارییەکان و فراوانکردنی سنووری کارەکانی درێغی ناکات، هەرگیزیش دەستبەرداری بنەما مرۆییەکانی بەهاناوەچوون و پەیامە مرۆییەکەی نابێت.
