جێگری وەزیری كۆچ و پەنابەرانی ئەمریكا سەردانی کەمپی حەسەن شام دەكات

سكۆت تێرنەر یاریدەدەری جێگری وەزیری كۆچ و پەنابەرانی ئەمریكا و شاندی یاوەری، رێككەوتی 14\5\2023 سەردانی کەمپی حەسەن شام لە سنووری پارێزگای هەولێریان كرد و، لەلایەن ستاف ئاسۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ناز جەلال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا دوای وەرگرتنی زانیاری لە بارەی رەوشی كەمپەكە و خستنەڕووی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان و ئاریشە و گرفتی دانیشتووانی كەمپەكە، جێگری وەزیری كۆچ و پەنابەرانی ئەمریكا و شاندی یاوەری سەردانی ناو کەمپ و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)یان لە کەمپەكە كرد، کە لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەنجامیان دەدات. هاوكات سەردانی ژمارەیەك لە خێزانەكانی دانیشتووی كەمپەكەیان كرد و پاڵپشتیکردنی وڵاتەكەیان بۆ هاوكاری و باشتركردنی باری گوزەرانی دانیشتووانی كەمپەكە دووپات كردەوە.
لە كۆتاییدا شاندەكە سوپاس و پێزانینان بۆ کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێناو مرۆڤایەتی دەربڕی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) سەرپەرشتیی 35 كەمپ دەکات. لە كۆی ئەو كەمپانە 25یان بۆ ئاوارەکانە و 10 کەمپیشیان بۆ پەنابەرانە. بە گشتی 261،151 کەس لە ئاوارە و پەنابەران لەو کەمپانەدا ژیان بەسەر دەبەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest