دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا ئاهەنگی تایبەت دەگێڕێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانى(BCF) بە هاوبەشیی(ئەربیل سپۆرت سەنتەر) و بەڕێوەبەری شەقامی غەزاڵی، رۆژی پێنجشەمە رێككەوتی 1\6\2023 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی منداڵان، ئاهەنگێكی هاوبەشیان بۆ منداڵانی شەهیدی شەڕی دژ بە داعش بەڕێوە برد.
ئەو ئاهەنگە كه‌ لە کاتژمێر 16 ئێوارە تاوەکوو کاتژمێر 21 بەردەوام بوو،(مەلەوانی، یاریی منداڵان، وێنەکێشان، کۆنسێرت، دابەشکردنی دیاری، ئێوارەخوان، گەڕان بە ناو شەقامی غەزاڵی) لە خۆی گرتبوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانى(BCF) لە هەمان رۆژ لە كەمپی بێرسڤ 2 ئاهەنگێكی خنجیلانەی بە بۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵان بۆ هەموو منداڵانی كەمپەكە ساز كرد.
هەروەها لە كەمپی ئاكرێ بە هاوكاریی رێكخراوەكانی (NRC) و (TLF) هەمان چالاكیی ئەنجام درا.
لە کەمپی ئاکرێ بە هاوكاریی دوو رێکخراوی (TLF) و (NRC) و سەنتەری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و پاراستنی منداڵان، لە کەمپی گەویڵان بە هاوكاریی رێكخراوەكانی (DoLSA) و (LF) و (save the children) و لە كەمپی خانکێ بە هاوبەشیی ئەم رێكخراوانە:

  1. Jinda.
  2. Save the Children
  3. Better World.
  4. Jiyan Foundation.
  5. Dolsa UNICEF.
  6. Yezda.
  7. STLI.
  8. Operation Merci.

لە کەمپی روانگە بە هاوكاریی رێکخراوی (دولسا) و لە كەمپی باجد کەندال بە هاوكاریی رێكخراوی (DOLSA) و لە كەمپەكانی دیبەگە، دارەشەكران و باسرمە بە هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی(LDS) ئاهەنگی تایبەتیان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵان گیڕا، لەو رۆژەدا جگە لە ئەنجامدانی چەندین یاریی چێژبەخش بۆ منداڵان، دیاریشیان بەسەردا دابەش كرا.
لە چالاكییەكی دیكەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریى قوتابخانەی لارای ناحکوومی له‌ رۆژى جيهانيى منداڵان 500 دار و نه‌مامی جۆراوجۆری لە پارکی منارە لە هەولێر چاند، لە چالاکيیەکەشدا منداڵەکانیان بۆ چاندنى دار و نه‌مام و گرینگیدان بە ژینگە هان دا.
هەر بە بۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵان، دەزگای خێرخوازیی بارزانى((BCF بە هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی(LDS) و چەند كۆمپانیا لە پاركی ئازادی لە سلێمانی فستیڤاڵێكی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەڕێوە برد. دوای چەندین چالاكیی دڵخۆشكەر، دیاری بە سەر منداڵاندا دابەش كرا.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا، بێ گوێدانه‌ جیاوازیی ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه‌ و ئایین، بەردەوام پرۆژە و چالاكیی جۆراوجۆری بۆ مسۆگەركردنی داهاتوویەكی باشتر و گەشتر بۆ نەوەكانی ئێستا و جیلی دادێ ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبێت.
لە ئێستادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی هاوبەشەكانی هاوكاریی نەختینەی زیاتر لە 17 هەزار منداڵانی ئازیز(بێ باوك) دەكات.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest