دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەكادیمیای ئیدوینای ئەمریكی سوپاسنامەی رێزلێنان پێشكەشی 50 گەنجی خۆبەخش دەكەن

لە رێوڕەسمێكدا كە لە رێككەوتی 20\7\2023 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بەڕێوە چوو، 50 گەنجی خۆبەخش لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەكادیمیای ئیدوینای ئەمریكی سوپانامەی رێزلێنانیان پێشكەش كرا.
هەر لەو رێوڕەسمەدا سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، گوتی: “خۆشحاڵین كە لە خزمەت پۆلێك گەنجی شارەزا و بەتواناداین، ئێوە باشترین رایەڵەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی جوان لە نێوان ئێمە و خەڵك دروست بكەن، پیرۆزباییتان لێ دەكەم، بەڕاستی كاری جوانتان كردووە، رێگایەكی باشیشتان هەڵبژاردووە”. دواتر باسی ئەوەی كرد، كە مەزنترین مرۆڤەكان لە كاری خۆبەخشییەوە دەستیان پێ كردووە، یان لە ترووپی سەركەوتندا روویان لە كاری خێرخوازیی كردووە، نموونەشی بە كەسایەتییە سیاسی و هونەری و وەرزشییەكان هێنایەوە، كە لە ئاكامدا دەستیان داوەتە كاری خێرخوازی، جەختی لەوەش كردەوە، كە “بڕوانامەی كاری خۆبەخشی، تەنیا كاغەزێك نییە كارنامەی مرۆڤ جوان بكات، بەڵكو بناغەی كاری مرۆیی و هاریكاری مرۆڤایەتییە و لە سەرانسەری دونیا رێزی لێ دەگرن”.
دواتر بەڕێز محەمەد رەشاد بەڕێوەبەری ئەكادیمیای ئیدوینای ئەمریكی، لە دوای بەخێرهاتنی ئامادەبوون، وتارەكەی بەم جۆرە دەست پێ كرد: “ئێمە لە ماڵی یەكەمی خۆمانین، من لێرەم وەكو كارمەندێكی خۆبەخشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نەك خاوەنی ئەكادیمیای ئیدوینای ئەمریكی، زۆر سوپاسی ئەو گەنجانە دەكەم كە ئامادەی كاری خۆبەخشی بوون، بۆ پێشكەوتنی هەر وڵاتێكیش نەوەیەك پێویستە كە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات، ئەمەش موژدەیەكی گەورەیە كە ئێمە ئەمڕۆ كۆمەڵێك گەنج دەبینین كە بەڕاستی بەرانبەر بە كۆمەڵگەكەیان و داهاتووی وڵاتیان هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن”.
بەڕێوەبەری ئەكادیمیای ئیدوینای ئەمریكی لە كۆتایی وەتارەكەیدا گوتی: “بە پێویستی دەزانم دووبارە بەڵێن بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بدەینەوە، كە لە سەرجەم كارەكانمان لەگەڵ دەزگا بەردەوام دەبین. كۆمەڵێك پلانی زۆر باشمان هەیە، بۆ ئەو ئازیزانەی ناویان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی تۆمار كراوە”.
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا 50 لاوی خۆبەخش سوپاسنامەی رێزلێنانیان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەکادیمیای ئیدوینای ئەمریکی پێشكەش كرا.
ئەکادیمیای ئیدوینای ئەمریکی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان دەگ مۆڕۆ، جێگری کونسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێككەوتی 18\1\2023 لە هەولێر كرایەوە. لە بەشی خێرخوازیی پڕۆژەکەدا، زیاتر لە 70 گەنجی خۆبەخش کاری تێدا دەکەن، هەر لە بەشە خێرخوازییەکەدا وەک بەڕێوەبەری ئەکادیمیایەکە ئاماژەی پێ كردووە، سپۆنسەری 100 منداڵی نەوەی شەهیدان دەکەن، تا خوێندن تەواو بکەن، جگە لەمەش کۆنسێرتی گەورە لە هەموو شارەکانی کوردستان ئەنجام دەدەن و داهاتەکەشی بۆ توشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە تەرخان دەکرێت”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest