سەردانەكانی شاندى دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریكا بەردەوامە

لە درێژەی سەردانەكانی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا، بە سەرۆكایەتیی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شاندی یاوەری، رێككەوتی 14/8/2023 سەردانی نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکایان كرد، و لە لایەن بەڕێز تریفە عەزیز نوێنەری حكومەتی هەرێم و ستافی نوێنەرایەتیی لە ئەمریكا پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا.
لەو دیدارەدا باس لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان رێكخراوە مرۆییەكانی ئەمریكا و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گەیاندنی دەنگی ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماوان بە رای گشتیی ئەمریكی و چۆنیەتی هێنانی رێكخراوە مرۆییەكانی ئەم وڵاتە بۆ هەرێمی كوردستان كرا، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماوان بكرێت.
رۆژی دواتر رێككەوتی 15/8/2023 دامەزراوەی پاس لە ئەمریكا، ئێوارەخوانێكی بۆ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كۆمەڵێك كەسایەتی و بیرمەند و ئەكادیمیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێكخست.
لە پەراوێزی ئەو ئێوارەخوانەدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ئاوارە و پەنابەر و زیانلێكەوتووەكانی جەنگ و ئەو قەیرانانەی كە جەنگ دروستی كردووە، گفتوگۆی لەسەر كرا.
هەروەها جەختیان لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال كردەوە لە پێناو گەڕانەوەی كوردانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان، كۆمەڵێك بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە چارەسەری درێژخایەن بۆ بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی كوردستانیش تاوتوێ كران.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest