شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆكایەتیی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی سەردانەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، رێككەوتی 16/8/2023 لە دوو كۆبوونەوە لەگەڵ رێكخراوەكانی (Carl and Egna Charitable foundation) و (Tragedy Assistance program for survivors)، باس لە بارودۆخی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان و گرینگیدان بە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و بەساڵاچووان و هەروەها بایەخدان بە قوربانییانی جەنگ و خانەوادەكانیان كرا. چەندین رێنمایی دەروونییش تاوتوێ كران، بۆ ئەوەی بتوانرێت كەسوكاری قوربانییانی جەنگ وەكوو مرۆڤی ئاسایی بگەڕێنەوە نێو كۆمەڵگەكەیان و ئەو كارەساتەی كە بینیویانە فەرامۆشی بكەن، یان لانیكەم هێوریان بكەنەوە. هەر دوو رێكخراو خۆشحاڵیی خۆیان بە دیدارەكە دەربڕی و بڕیار وایە لە داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژە و چالاكیی هاوبەش ئەنجام بدرێت.

















