جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیەوێت رۆحی مرۆڤدۆستیی كوردستانییان بە جیهان بناسێنێت

رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2012 وەك یادکردنەوەیەکی ساڵانە لە “دایکە تێرێزا”، 5ی ئەیلوولی وەك رۆژی جیهانی بۆ کارە خێرخوازییەکان دەستنیشان كرد. هەر لە ساڵوەگەڕی ئەم رۆژە پیرۆزەدا، بەڕێز ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی كوردستان 24، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم خێرخوازانی كوردستان و جیهان، گوتی: “ئەمڕۆ رۆژێكی پیرۆزە بۆ هەموو ئەو كەس و لایەن و رێكخراوانەی كە كاری مرۆیی و خێرخوازیی دەكەن، سوپاس بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی كە لە بواری كاری خێرخوازیدا كاردەكەن، بەتایبەتی خەڵكی كوردستان كە هەمیشە رۆحی كاری خێرخوازییان هەبووە. دامەزراندنی دەزگایەكی خێرخوازی بۆ ئەوەی خزمەت بە مرۆڤایەتی و خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت بكات، خزمەت بە ژینگە و كەلتووری نەتەوەیەك بكات، كارێكی پیرۆزە”.
دواتر تیشكی خستە سەر ئەوەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵی داوە، هاریكارییە مرۆییەكان كە لە ناو خەڵكی كوردستاندا دەكرێن، بە شێوازێك رێك بخات و بە سیستماتیكی بكات، بۆ ئەوەی بتوانن باشترین خزمەت و كاری مرۆیی پێشكەشی ئەو خەڵكانە بكەن، كە شایستەی ئەوەن خزمەت بكرێن. هاوكات گوتی: “فەلسەفەی كاری خێرخوازیمان لە چوارچێوەی وتەیەكی بارزانیی نەمردایە كە فەرموویەتی: [شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت]. هەر بۆیە ئێمە هەمیشە وتوومانە خزمەت دەكەین و خزمەتكاری خەڵكی خۆمانین.”
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوە كردەوە كە لە كاری خێرخوازی، بە هۆی ئەوەی دەبیتە ئامرازێك بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكی نیازمەند، بۆیە جگە لەوەی كارێكە، هاوكات جۆرێك خۆراكی رۆحیشە بۆ ئاسوودەیی و ئارامی و دڵخۆشی. هەر لەو بارەیەوە گوتی: “بۆ ئێمە دڵخۆشییەكە دوو جۆرە، یەكەم بەوە دڵخۆشین كە كاری خێرخوازیی لە هەست و نەستی كۆمەڵگەی ئێمەدا لە ئاستێكی زۆر بەرزە، دووەم بەوە دڵخۆشین كە ئێمە دەبینە پردێك كە ئەو هاوكارییانە بە ئەمانەتەوە بەو خەڵكانە دەگەیێنین كە پێویستیان پێی هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار تووشی نیگەرانی و دڵگرانی دەبین، كە دەبینین هاوكارییەكانمان لە ئاستی خواستی لێقەوماوان نەبووە”.
بەڕێز ئیبراهیم سەمین ئەوەشی دووپات كردەوە كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیەوێت رۆحی مرۆڤدۆستیی كوردستانییان بە جیهان بناسێنێت”. گوتیشی: “لە 17 ساڵی رابردوو پەیامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوە بووە، كە دەزگایەكی خێرخوازیی قازانج نەویستە، وپاڵپشتیی سەرەكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خەڵكی خێرخوازی كوردستانە و ساڵ بە ساڵ زیاتر خەڵكی كوردستان متمانەی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر بووە؛ بۆ ئەوەی لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كارە خێرخوازییەكانیان ئەنجام بدرێت. هەروەها رێكخراوە جیهانییەكان كە لە بواری كاری مرۆییدا كار دەكەن، هاریكار بوون، بەڵام زیاتر لە 70 تا 80%ی هاوكارییەكان لە لایەن خێرخوازانی كوردستانەوە بووە”.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بەشی كۆتایی دیدارەكەدا، گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناوێكی پیرۆزی هەڵگرتووە كە بارزانییە. بارزانیی نەمر لە ژیان و خەباتی خۆیدا لەگەڵ هەموو چین و توێژەكاندا بە جوانی و خاكەڕایی مامەڵەی كردووە، ئێمەش پەیامی بارزانیی نەمرمان پێیە بۆ ئەو خەڵكە و دەمانەوێت بارزانی ئاسا، پێشمەرگەئاسا بتوانین خزمەتی خەڵك بكەین”. ئەوەشی خستەڕوو كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە كوردستان، لە هەر كوێیەكی جیهان كە پێویستی كردبێت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیبێتی هاوكاری بگەیەنێت، تیمەكانی لەوێ ئامادە بوون.
ئەنجیس گۆنكزا (1910 – 1997)، ناسراو بە (دایکە تێرێزا)، لە ئسکوبیا(پایتەختی کۆماری مەقدۆنیا) لە خێزانێکی کریستیانی کاسۆلیکی و ئاینیی بە رەچەڵەک ئەلبانی لە دایکبووە. رەبەن و پەرستارێکی ئەمریکی بووە، دواتر بووە بە مامۆستا و قوتابخانەیەکی گشتی لە نیوجێرسی ئەمریکا دامەزراند. بۆ زیاتر لە ماوەی 45 ساڵ کۆمەڵەی دایکە تێرێزا یارمەتی بۆ هەژاران و نەخۆش و بێسەرپەرشتان دابین کرد.
دایکە تێرێزا، بایەخی بە منداڵانی دەربەدەر و بەساڵاچووان دەدا، لە تەمەنی 75 ساڵیدا چوو بۆ ئەسیوپیا بە مەبەستی یارمەتیدانی لێقەوماوان پاش بڵاوبوونەوەی برسێتی لە وڵاتەکەیاندا کە بە هۆیەوە هەزاران کەس دەربەدەر بوون. پێشەوای کاری خێرخوازی بوو لە جیهاندا، هەر بۆیە رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2012 وەك یادکردنەوەیەکی ساڵانە، ساڵڕۆژی كۆچی دوایی دایکە تێرێزا(5ی ئەیلوول)ی وەك رۆژی جیهانی بۆ کاری خێرخوازی دەستنیشان كرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest