دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، رێككەوتی 12\9\2023 لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كونسووڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارت لە هەرێمی كوردستان، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بریكاری وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و ژمارەیەك لە نوێنەرانی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و سەرمایەداران و خێرخوازن، ئاهەنگێكی تایبەتی بە بۆنەی خولی سێیەمی دەرچووانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم ساز كرد، كە لەو خولە 17 منداڵ دەرچوون.
لەو ئاهەنگە سازدراوەدا، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، تیشكی خستە سەر هاوكارییەكانی بەڕێز كونسووڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارت لە هەرێمی كوردستان و گوتی: “جێی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی ئیمارات بكەین لە هەموو ئەو پشتیوانییانەی كە هەیانبووە بۆ خەڵكی كوردستان، ئاوارەكان، پەنابەران و ئەو پشتیوانییە بەهێزەی كە بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیانبووە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆڵی رێزدار مەسرور بارزانی لە بونیادنان و گەشەی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم بەرز نرخاند و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “سوپاسێكی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بۆ ئەو دیارییەی كە بە خانەوادەی منداڵانی ئۆتیزمی بەخشی و سوپاسێكی بێ پایانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزمیش دەكەین، كە توانییان بە شێوەیەكی باش سوود لەو سەرمایە وەربگرن”.
رووی لە میدیاكارانیش كرد و گوتی: “راگەیاندكارانی خۆشەویست سوپاسی تایبەت بۆ ئێوەش كە بەردەوام گرنگییتان بەو سەنتەرە و كاروباری دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوە”. هاوكات مزگێنی ئەوەی دا، كە لە زووترین كاتتدا لە(سۆران)یش سەنتەری هاوشێوە دەكەنەوە.
بەڕێز د. رەوشت رەشید، پزیشکی پسپۆری دەروونی و سەرپەرشتیاری دەروونیی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، وتەكانی بەو پەیامە دەستپێكرد: “ئۆتیزم تراژیدیا نییە، بەڵام تێنەگەیشتن لە ئۆتیزم تراژیدیایە”، دواتر پیرۆزبایی لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم و دایك و باوكی منداڵانی دەرچوو كرد، بەوەی كە ئەو 17 منداڵە دەتوانن وەك قوتابیانی ئاسایی لە ناوەندەكانی خوێندن بخوێنن، كە چواریان دەچنە باخچەی ساوایان و ئەوانی دیكەیان لە قوتابخانەی بنەڕەتی – پۆلی یەكی سەرەتایی دەخوێنن. ئەوەشی بە “دەستكەوتێكی گەورە” لە قەڵەم دا.
بەڕێز زەكیە سەید ساڵح بریكاری وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، وێڕای دەستخۆشی و دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئەرك و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، ئاماژەی بەوە كرد، لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی یاسای ژمارە 22 ساڵی 2011 هەیە و بە پێی ئەم یاسایە راهێنان بە خاوەن پێداویستییانی تایبەت دەكرێت و لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاریی ماددی دەكرێن، هەروەها مۆڵەتی بەخێوكەر بەو كەسە دەدرێت كە سەرپەرشتیی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە دەكات، منداڵانی ئۆتیزمیش پێداویستیی تایبەتیان دەوێت. گوتیشی: “6 سەنتەری ئۆتیزمی حكوومیمان هەیە، كە نزیكەی 180 منداڵی ئۆتیزمیان لەخۆ گرتووە. هەروەها مۆڵەتی كردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لەم كابینەیەدا بە 38 سەنتەری تایبەت دراوە. كە نزیكەی 1500 منداڵ لەم سەنتەرانەدان”.
لە بەشی كۆتایی ئەو ئەهەنگگێڕانەدا، منداڵانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، شانۆیەكیان پێشكەش كرد، كچێكی پەنجەڕەنگینی ئۆتیزمیش ژەنیاری پیانۆ بوو. دواتر بڕوانامەكان لە لایەن بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دكتۆر ئەحمەد ئەلزاهیری كونسووڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارت لە هەرێمی كوردستان و دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان، بە منداڵانی دەرچوو پێشكەش كران.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاهەنگی دەرچوونی 17 منداڵ لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم دەگێڕێت
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
كار و چالاكییەكانی بهشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دهزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2024
26/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
لە دیداری ساڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ستراتیژیەتی درێژماوەی كاری پێنج ساڵی داهاتوو دەستنیشان دەكرێت
23/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »