پێداویستیی پزیشكی بە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی دهۆك پێشكەش دەكرێت

بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕێوەبەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی دهۆك و نوێنەری رێكخراوی مه‌ینی نه‌رویجی، لە كۆنگرەیەكی میدیاییدا كە لە رێككەوتی 17\9\2023 لە دهۆك بەڕێوەچوو، راگەیەندرا كە ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) و رێكخراوی مه‌ینی نه‌رویجی، بڕی 16،000،000 دۆلار دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی دهۆك پێشكەش دەكەن.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكاران، ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی خۆشەویستی دهۆك بكرێت، بە هۆی ئەو پێشوازییەی كە لە خەڵكی ئاوارە و پەنابەرانیان كرد. ئەوەشی بە جێی شانازییەكی گەورە لە قەڵمە دا. باسی ئەوەشی كرد، لە هەموو پلاتفۆرم و بەشدارییەكی نێودەوڵەتیدا بە هۆی ئەوە خزمەتكردنەی ئاوارە و پەنابەران بە سەرێكی بڵندەوە ئامادە دەبن. گوتیشی: “مخابن هێشتا نزیكەی ملیۆنێك ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان هەن، 35 كەمپ هێشتا ماون، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاریی نێودەوڵەتییش گەلێك كەم بووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی بە مافەكانی مرۆڤ پابەند بوون و خزمەتی ئاوارە و پەنابەران دەكەن، تا ئەو كاتەی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە بۆ زێدی خۆیان دەگەڕنەوە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوە كردەوە، بەشێكی زۆری ئاوارەكان هاووڵاتیی عێراقین و ئەركی سەرشانی حكومەتی عێراقە كە ئاوڕیان لێ بداتەوە و خزمەتیان بكات. لە بەشێكی دیكەی ئاخافتنەكەشیدا، ئەوەی دووپات كردەوە، كە لە كاتێكدا هاوكارییەكانی وڵاتان و رێكخراوەكانی هاریكاریبەخش كەم بووە و بەشێكیشیان هەر نەماون، رێكخراوی مه‌ینی نه‌رویجی هاتووە و بە پرۆژەیەكی مەزن و گرێبەستێكی درێژماوە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خزمەت بە ئاوارە و پەنابەران و خەڵكی خوجێی هەرێمی كوردستان دەكەن. هاوكات گوتی: “ئەگەر ئاوارە و پەنابەرانیش لە هەرێمی كوردستان نەمێنن، كە ئەوە هیوای گەورەمانە بە ئارەزوومەندانە و لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ شوێنی خۆیان بگەڕنەوە، بەڵام خەڵكی ئێرە پێویستی بە هاریكاری هەیە، پێویستیان بە خزمەتكردن هەیە، ئەگەر وەكو قەرەبوویەكیش بێت، پێویستە رێزگرتنێك هەبێت، دەستخۆشییەك هەبێت، بۆ ئەو هەموو زەحمەتە كە خەڵكی ئێرە بەرانبەر ئاوارە و پەنابەران لە ئەستۆیان گرت”.
بەڕێز موسا ئەحمەد، ئەوەشی خستە روو كە بە پێی ئامارەكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی دهۆك، ژمارەی نەخۆشەكانی ئاوارە و پەنابەران لە هەموو نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای دهۆك، زۆر لە خەڵكی خۆجێی زیاترە. جەختی لەوەش كردەوە كە ئاوارەكانی ئێزدی لە دۆزەخی داعش رزگاریان بووە، هاتوونەتە ناو دۆزەخی كەمپەكان، هەموو ئاوارەكانیش خەڵكی وڵاتی عێراقن و بەتایبەتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لێیان بەرپرسیارە و پێویستە لە رووی پێداویستیی خواردن و تەندروستی و رەخساندنی دەرفەتی كار و …هتد هاریكاریان بێت.
بەڕێز دكتۆر لەزگین جەمیل نوێنەری رێكخراوی مه‌ینی نه‌رویجی لە هەرێمی كوردستان، لە وتەكانیدا باسی ئەوەی كرد، رێكخراوەكەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە بڕی 18،000،000 دۆلار دەرمانیان ئامادە كردووە، بۆ هەرێمی كوردستان، گوتیشی: “ئێمە هەوڵ دەدەین لە هاوكارییەكان بەردەوام بین و چەندین رێكخراوی دیكەی نێودەوڵەتیش بێنینە هەرێمی كوردستان”.
بەڕێز ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی دهۆك، سەرەتا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی مه‌ینی نه‌رویجی كردبۆ هاوكارییەكانیان كە لە چەند ساڵی رابردوو بەردەوام بووە، بەتایبەتی هاریكارییەكانی ئەمساڵ كە دەرمانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژماوەكانی لەخۆ گرتووە، كە لە هەرێمی كوردستان دەستخستنیان ئاسان نییە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest