كارەساتی حه‌مدانيه ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى ماته‌مگێڕ كرد، به‌ڵام له‌ هه‌ڵمه‌تى فرياگوزارى و خزمه‌تگوزارى به‌رده‌وامه

لە رووداوی ئاگركەوتنەوەی ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەی لە شارى حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، زیاتر لە 115 كەس گیانیان لەدەست دا و نزیكەی 150 كەسیش بریندار بوون.
لەسەر داواكاری رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى بۆردى دامه‌زرێنه‌رانى‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، 67 برینداری رووداوەكە بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان گوازرانەوە، لەو ژمارەیە 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە نەخۆشخانەكانی دهۆك له‌ ژێر چاودێريی چڕى تەندروستیدان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ چاودێری و چارەسەركردنی بریندارانی كارەساتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆڵى ئاهه‌نگى هاوسه‌رگيرى له‌ حه‌مدانيه، هه‌موو پێداويستييه‌كانى پزيشكى پێشكەش بە نەخۆشخانەكانی هەولێر و دهۆك كرد.
پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییانە، لە چوارچێوەی بەهاناوەهاتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى بۆ نەخۆشخانەكان لەسەر داواكاری وەزارەتی تەندروستی بوو، بە هۆی ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان دروست ببوو.
‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى له‌ هه‌ڵمه‌تى فرياگوزارى و خزمه‌تگوزارى بۆ قوربانيانى ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest