لە رۆژی جیهان دەرووندروستیدا، سێمینارێكی تایبەت بە دەرووندروستی لە سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) پێشكەش كرا و تێیدا زیانە ماددییەكان خرانەڕوو كە لە ئەنجامی گرفت و كێشە و نەخۆشییە دەروونییەكانەوە روودەدەن.
سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان(منداڵانی بێباوك) و توێژەری دەروونی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەرچاوە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێکكەوتی 10\10\2023 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی دەرووندروستی سێمینارێكی پێشكەش كرد.
دوای پێناسەیەكی كورتی دەرووندروستی، سامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەو زیانانە كرد كە لە ئەنجامی كێشە دەروونییەكانەوە دروست دەبن و گوتی: “تەندروستی و دەرووندروستى مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و خاڵی سەرەکیی بەرەوپێشچوونی تاک و کۆمەڵگەیە لە ڕووی ئابوورییەوە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 36 وڵاتی پێشکەوتووی جیهاندا، بە هۆی گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکانەوە ساڵانە 925 ملیار دۆلار زیانیان پێ دەگات.”
ئەوەشی خستەڕوو كە “بەپێی داتا و توێژینەوەکان لە هەندێک وڵات یەک لە چواری خەڵکی بە ئەگەری زۆر تووشی گرفت و نەخۆشییەکی دەروونی بوون، نزیکەی 300 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە دڵەڕاوکێ دەبن، بە هەمان ئەو رێژەیە لەگەڵ نەخۆشیی خەمۆکیدا ژیان بەڕێ دەکەن”.
روونیشی كردەوە، بە پێی ئامارەکان ساڵانە لە جیهاندا 800،000 کەس بەهۆی بارودۆخی نەخوازراو و فشار و نەخۆشی دەروونییەوە خۆیان دەکوژن.
جەختی لەوەش كردەوە “70%ی نەخۆشییە جەستەییەکانی وەک (قۆڵۆن، زیبکە، قژهەڵوەرین، لاوازیی سێکسی، زیادبوونی خانە شێرپەنجییەکانی مەمک، سەرئێشە، گرفتەکانی خواردن و خەوتن، برینی گەدە، پێست، نەخۆشییەکانی تایبەت بە منداڵدانی ئافرەت، یاگە و کەمبوونەوەی سەرنج و هتد…) هۆکاری سەرەکییان نائارامی و نادروستیی دەروونییە و پێیان دەوترێت نەخۆشییە(دەروون جەستەییەکان Psychosomatic).
ئەم توێژەرە دەروونییە، هۆکاری سەرەکیی (زەرەر و زیانەکانی کەرتی پیشەسازی و ئابووری و دواکەوتنی وڵاتیشی لە ڕووە جیاوازەکانەوە) بۆ نەخۆشی و گرفتە دەروونییەکان گەڕاندەوە و گوتی: “ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ بواری دەرووندروستی تەرخان دەکەن.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە سێمینارەكەدا توێژەر خستیەڕوو، وڵاتان لەسەر ئاستی جیهان بودجەی قەبەیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی كێشە دەروونییەكان تەرخان كردووە.
فیدراسیۆنی جیهانی دەرووندروستی لە ساڵی 1992، رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری وەك رۆژی جیھانیی دەرووندروستی دەستنیشان كردووە. ساڵانە لەم رۆژەدا بە مەبەستی کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی ھەموو کێشە دەروونییەکان، چالاكیی جۆراوجۆر دەكرێت و هەوڵ دەدرێت، شێوازی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان بدۆزنەوە، كە لە ئەنجامی گوشارەکانی ئەم سەردەمەی ژیان تووشی مرۆڤ دەبن.
له رۆژی جیهانی دەرووندروستیدا سێمینارێك لە سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرا
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات پشتیوانی لە ئازادیی خوێندن بە زمانی دایك بكەن
01/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان
27/11/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »