دەزگای خێرخوازیی بارزانی “تیمی باڵای وەڵامدانەوەی كارەسات” ئامادە دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە هەولێر و كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی – لقی هەولێر، خولی ئامادەكاری بۆ وەڵامدانەوە و رووبەڕووبوونەوەی كارەساتی سرووشتی كردەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، رۆژی 30ی10ی2023 لە سەرۆكایەتیی دەزگا لە هەولێر، بە هاوبەشیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە هەولێر و كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی – لقی هەولێر، خولێكی ئامادەكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی كارەساتی سرووشتی كردەوە.
خولەكە بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوام بوو، كە بوارەكانی بەرگری شارستانی، فریاگوزاریی سەرەتایی و رێكخستنی پێشكەشكردنی هاوكاری لە كاتی روودانی كارەساتی سرووشتی لەخۆی گرتبوو.
لە ماوەی ئەو خولەدا راهێنەرانی بەئەزموونی هەر سێ هاوبەشی خولەكە، تیمێكی كارامە و شارەزای 55 كەسییان ئامادە كرد. كە ناوی “تیمی باڵای وەڵامدانەی كارەسات”یان بۆ تیمی بەشداربووی خولەكە هەڵبژاردووە.
خولەكە دوای سێ رۆژ كۆتایی هات و بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر” وێڕای پیرۆزبایی لە بەشداربووانی خولەكە كە ژمارەیەكی زۆریان كەسانی خۆبەخش بوون، كارەكەیان زۆر بەرز نرخاند و دواتر بڕوانامەیان بەسەر بەشداربووانی خولەكەدا دابەش كرد و سوپاسنامەیان بە ڕاهێنەرانی خولەكە پێشكەش كرد.
بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، شیكارییەكی وردی وەك وانە، لە بارەی رێكخستنی پێشكەشكردنی هاوكاری لە كاتی روودانی كارەساتی سرووشتی پێشكەشی بەشداربووانی خولەكە كرد و، تێیدا جەختی لەوە كردەوە، كە هەر هەڵمەتێكی لەو جۆرە بۆ هاریكاریی مرۆیی پێویستە بە تیم و بە پلان كاری بەپەلە بكرێت. هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە كرد، كە لە گەیاندنی هاوكارییەكان دەبێت، تیمەكانی فریاگوزاریی مرۆیی بەو پەڕی دادوەرییەوە كار بكەن و بە رێنماییەكان پابەند بن، بۆ ئەوەی هاریكارییەكان راستەوخۆ بەدەستی لێقەوماوان بگات. نموونەشی بەوە هێنایەوە كە لە كاتی روودانی لافاو، كەسانێك بە بێ ئەوەی هیچ زیانێكیان بەركەوتبێت، داوای ناونووسكردنیان كردووە، بۆ ئەوەی هاوكاریی نەختینە وەربگرن، وەك باسی كرد، بە هەموو توانەیەكەوە رێگرییان لەو جۆرە ساختەكارییانە كردووە، بۆ ئەوەی نیازمەندی راستەقینە لە هاوكارییەكان سوودمەند بن.
بەڕێز ستاڤ ئاسۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بارەی كردنەوەی خولەكە رایگەیاند: “تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بەردەوام لە بواری پێشكەشكردنی هاوكاریی هەمەجۆر لە كاتی روودانی كارەساتی سرووشتیی وەك بوومەلەرزە و لافاو و ئاگركەوتنەوە، لە شوێنی رووداوەكان ئامادە بوون. تەنانەت لە دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان و عێراق، لە وڵاتانی دوور و نزیكیش لە كاتی روودانی كارەسات خۆیان گەیاندووەتە خەڵكی لێقەوماو لە دابینكردنی شوێنی مانەوە و پێشكەشكردنی خۆراك و جلوبەرگ و كەلوپەلی ناوماڵ و خزمەتگوزاریی پزیشكی و…هتد رۆڵی بەرچاویان بووە.” گوتیشی: لە ئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەریرانەكان لە هەولێر و مانگی سووری عێراقی – لقی هەولێر، خولێكی سێ رۆژەمان بۆ راهێنانی تیمێكی شارەزا لە سەرۆكایەتێی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر كردووەتەوە، كە لە 55 كەس پێكهاتوون. تیمەكە كە ناوی “تیمی باڵای وەڵامدانەوەی كارەسات” لێ نراوە، بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لە بوارەكانی بەرگری شارستانی، فریاگوزاری سەرەتایی و رێكخستنی پێشكەشكردنی هاوكاری لە كاتی روودانی كارەساتی سرووشتی ئامادە دەكرێن، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و زستان، دەبێت بۆ ئەگەری رووداونی لافاو یان هەر كارەساتێكی سروشتی ئامادە بین، تیمەكەش لەو بوارەدا دەتوانن لە هاوكاری و فریاكەوتنی هاووڵاتیان رۆڵی بەرچاویان هەبێت”.
بەڕێز ڕێبوار عەبدولمەجید یەكێك لە راهێنەرانی خولەكەیە و بەرپرسی پەیوەندییەكان و ئەندامی دەستەی كارگێڕی تیمی وەڵامدانەوەی قەیرانەكانە لە هەولێر، هاوكات وانەبێژە لە بەرگری شارستانی و پسپۆڕە لە ئاگركوژێنەوە، سەبارەت بە كردنەوەی خولەكە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “من لەم خولەدا وانەی چۆنیەتی ئاگركەوتنەوە و هۆكارەكانی و رێگەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر و دامركاندنەوەی و سەلامەتیی تیمەكان و چۆنیەتی هاوكارییەكان لە كاتی روودانی بوومەلەرزە و لافاو دەڵێمەوە. هاوكات لەم خولەدا وانەی فریاكەوتنی خێرا لە لایەن پسپۆڕانی مانگی سووری عێراقی – لقی هەولێر دەوترێتەوە و هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی وانەی چۆنیەتیی رێكخستن و پێشكەشكردنی هاوكاری لە كاتی روودانی كارەساتی سرووشتی دەڵێتەوە، بەگشتی ئەم تیمە بە باشترین شێوەی زانستی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ هەر ئەگەرێكی روودانی كارەساتی سرووشتی و ناسرووشتی ئامادە دەكرێن”.
بەڕێز كازم خۆشناو، راهێنەری راهێنەرانی بواری فریاكەوتنی سەرەتاییە لە كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی – لقی هەولێر و یەكێكە لە راهێنەرانی خولەكە و لە لێدوانێكیدا بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە خولی راهێنان و ئامادەكردنی “تیمی باڵای بەرنگاریی كارەساتی سرووشتی” دەڵێت: “ئێمە لەو ماوەیەی بۆمان دیاری كراوە، بەشداربووانی خولەكە فێردەكەین، چۆن لە كاتی هەر رووداوێكی سرووشتی و ناسرووشتی بە خێرایی و لە یەكەم خولەكدا (كە پێی دەوترێت كاتی زێڕین) بە فریای كەسی بریندار و بەركەوتەی رووداوێكی نەخوازراو بكەون. هەموو ئەو كارانەی پێویستە لەو كاتەدا بكرێن، وەك هەنگاوی سەرەكی، هەتا ئەو كاتەی كەسەكە بە تیمەكانی تەندروستی دەسپێرن، فێری بەشداربووانی خولەكەی دەكەین، بەوەش ئەم تیمە كە لە 55 كەس پێكهاتوون، توانایەكی باشیان بۆ هاریكاری و بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان دەبێت و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.”
بەڕێز رێناز ئەلیاس یەكێك لە خۆبەخشانی بەشداربووی خولەكە بوو. ئەو خاتوونە جەختی لەوە كردەوە كە “كاری خێرخوازیی و خۆبەخشانە هێمای شكۆمەندیی مرۆڤە” و سەبارەت بە خولەكەش گوتی: “زۆر سوپاسی ماۆستایانی بەڕێزی خولەكە دەكەم، بە راستی لەو سێ رۆژەدا زۆر شتیان فێركردین. هەروەها زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، كە لە بواری هاریكاریی مرۆیی، رۆڵی گەورە و بەرچاویان بووە. ئێمە ئێستا تیمێكی گەورەین و بۆ وەڵامدانەوەی هەر كارەساتێكی سرووشتی ئامادە كراوین، بەڵام لە خوای گەورە داواكارین هیچ رووداوێكی نەخوازراو روو نەدات”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest