دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) بە هاوكاریی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران (IOM) و بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق و ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان، لە رۆژانی 13 – 14ی 11ی 2023، لە (كەمپی بێرسڤ 1) كە دەكەوێتە سنووری پارێزگای دهۆك، 100 خێزان كە دەكاتە 486 كەس، بە شێوەیەك ئارەزوومەندانە رەوانەی زێدی خۆیان لە (شنگال) كردەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەڕێوەبردنی زیاتر لە 35 كەمپی ئاوارە و پەنابەران و دابینكردنی خزمەتگوزاریی هەمەجۆر بۆیان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و هەمیشە پێداگری لەسەر گەڕانەوەی “ئارەزوومەندانە”ی ئاوارە و پەنابەران كردووە. بۆ هەر گەڕانەوەیەكی لەو جۆرە و بە خواستی خۆیان، هەموو رێكارەكانی ئاسانكاری و هاوكاریكردنیان دەگرێتەبەر.

