دوای زیاتر لە سێ ساڵ كاری هاوبەش لە بواری دابینكردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بە تێچووی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی MAINی نەرویجی یاداشتنامەی كاری هاوبەش نوێ دەكەنەوە.
لە ڕێوڕەسمێكدا كە رۆژی 6ی5ی2024 لە هۆتێل رۆتانا لە هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گایەر فیڵد بەڕێوبەری چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوی(MAIN)ی نەرویجی و ژمارەیەك خاوەن كار و سەرمایەداران و خێرومەندانی هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە چوو، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ كاری هاوبەش لە بواری هاریكاری تەندروستی لەلایەن بەڕێزان جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێوبەری چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوی (MAIN)ی نەرویجی واژوو كرا.
بەڕێز كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون، ئاماژەی بەوە كرد، رێکخراوی (MAIN)ی نەرویجی لە ساڵی 2021 گرێبەستێكیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی واژوو كرد و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا نزیكەی 100 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشكییانن بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە كە زیاتر لە 150 هەزار نەخۆش لێی سوودمەند بوون. گوتیشی: ” لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر هەرێمی كوردستان و عێراق لە ئەولەوییەتی هاریكارییەكانی مرۆییاندا نین. ئاژانسەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژ بە رۆژ هاوكارییەكانیان بۆ كوردستان كەمتر و كەمتر دەبێتەوە ئەوەش ئەركێكی قورسی بۆ حكومەتی هەرێم و بۆ دەگای خێرخوازیی بارزانی دروست كردووە، بەتایبەتی كە 33 كەمپی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان هەن و زیاتر لە 900 هەزار كەس لێی نیشتەجێن”.
دواتر بەڕێز دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا جەختی لەوە كردەوە، كە لە كاتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر بە لێشاو روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ قەیرانی دارایی كە تا ئێستاش بەرۆكی كوردستانی گرتووە. كە ئەگەر هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەبووایە، ئەركی حكومەتی هەرێم زۆر قورس دەبوو، كە تەنانەت وڵاتانی پێشكەوتووش توانای وەرگرتنی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرانەیان نییە.
هاوكات سوپاس و پێزانینی تایبەتی بۆ رێکخراوی(MAIN)ی نەرویجی دەر بڕی و ئاماژەی بەوەش كرد كە لە وڵاتێكی گەورەی وەك بەریتانیا لە هەموو شوێنە گشتییەكان سندووقی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ نەخۆشەكان داناوە و داهاتی چەندین ئاهەنگ و كۆنسێرتی گەورەش بۆ خزمەتكردتی كەرتی تەندروستی تەرخان دەكرێت. دوای پیرۆزبایی لە نوێكردنەوەی پڕۆژەی هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێکخراوی(MAIN)ی نەرویجی، بەڵێنی دا كە هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ بكات.
دواتر د. لەزگین جەمیل(بەڕێوبەری پڕۆژەکانی رێکخراوی MAIN لە عێراق و ئاسیا)، لە وتارەكەیدا باسی ئەوەی كرد كە سیستەمی تەندروستی لە هەموو جیهاندا لەژێر چەندین ئاستەنگدایە و گوتی: “ئێمە وەك رێكخراوەكانی مرۆیی دەتواین هاوكاریی كەرتی تەندروستی بكەین. لە سێ ساڵی رابردووش توانیومانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار هاوكاری وەك دەرمان و ئامێر و پێداویستییە پزیشكیییەكان بگەیەنینە كوردستان، دەرمانی دەگمەن و كوالیتە بەرزن و هەزاران نەخۆشمان هەیە كە تووشی شێرپەنجە و شەكرە و پەستانی خوێن بوون و بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ نیازیان بەو دەرمانانە هەیە.”
بەڕێز گایەر فیڵد (بەڕێوبەری چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوی MAIN) وتەكانی بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەست پێكرد و هاوكات گوتی:
ئەمڕۆ شاهیدی واژووكردنی پاداشتێكی هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی MAIN ی نەرویجی بووین.
تەنیا لە ماوەی سێ ساڵدا بە بڕی نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار دەرمان و پێداویستیی تەندروستیمان دابین كردووە، كە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگیراوە و بە كەرتی گشتیی تەندروستیی كوردستان دراوە. ئەو دەرمانانەی كە هێناومانن بۆ كوردستان زۆرینەیان لە كوردستان عێراقی فیدڕاڵ دەست ناكەون. ژمارەی ئەو هاوكارییانە و تێچووی، پابەندیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو خۆشەویستی و دڵگەرمییە نیشان دەدات كە ئەورووپییەكان و خەڵكی ئەمریكا بۆ خەڵكی كوردستان هەیانە”. گوتیشی: “بە بڕی دەیان ملیۆن دۆلار دەرمان و پێداویستیی پزیشكی ئامادەیە كە بگوازرێتەوە و بە وەزارەتی تەندروستیی كوردستان پێشكەش بكرێت. بەڵام شەڕەكان وایان كردووە، رێگایەك نییە كە بگوازرێتەوە. ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە و بە یارمەتیی ئێوە پڕۆژەیەك رادەگەیەنین كە بڕێكی زۆری دەرمانی نایاب بۆ خەڵكی كوردستان دابین دەكات. هاوكارییەكان لە ئەورووپاوە دەهێنین بۆ كوردستان و لە جیهانیشدا شتێك لەوە گەورەتر نییە كە ژیانی كەسێك لە مردن رزگار بكەین، بۆیە تكایە بۆ بەجێگەیاندنی هەوڵەكانمان بەشداریمان لەگەڵ بكەن”.
لەبەشی كۆتایی رێوڕەسمەكەدا یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و گرێبەستی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی MAIN ی نەرویجی، نوێ كرایەوە و لە لایەن بەڕێزان ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گایەر فیڵد(بەڕێوبەری چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوی MAIN) واژوو كران.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی MAINی نەرویجی یاداشتنامەی كاری هاوبەش نوێ دەكەنەوە
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات پشتیوانی لە ئازادیی خوێندن بە زمانی دایك بكەن
01/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان
27/11/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »