شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرپەرشتیی پەریزاد محەمەد راوێژكاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ كاروباری راگەیاندن و پەیوەندییەكان، كە دوو ئازیز و دایكی ئازیزێكیشان لەگەڵ بوو، رۆژی 3ی6ی2024 بەشدارییان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی(لون حلمهم) لە ئیمارات – ئەبو زەبی كرد.
مەهدی هادی بەرپرسی هۆبەی داتا و زانیاری لە بەشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: “بەرنامەی (لون حلمهم) دەستپێشخەرییەك بوو لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی بۆ ئازیزانی پێنج دەوڵەت كە بریتی بوون لە(كوردستان، میسر، هیندستان، توغو، ئوردن) بۆ ئەوەی بە وێنەكێشان لە پێشانگایەكی نێودەوڵەتی لە شاری ئەبو زەبی بەشداری بكەن. دوای ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییەمان بۆ هات، هەر لە كاتی خۆی وەك بەشی ئازیزان و بێهاوژینان دەستمان كرد بە بەرێوەبردنی ئەم بەرنامەیە و سوپاس بۆخوا لە ماوەی دیاریكراو توانیمان 83 لەوحە لەو وێنانەی ئازیزان كێشابوویان وەربگرینەوە. بۆ ئەم پیشانگایەی بنێرن كە بە خۆشحاڵییەوە وێنەی بروشەری تایبەت بەم پێشانگایە تابلۆیەكی ئازیزێكی كوردستانە بە ناوی ئەنوار ئیدریس كە كێشابووی و خۆیشی لەگەڵ شاندی دەزگا لەو پیشانگایە بەشدار بوو.
دوای گەیشتنمان بۆ ئیمارات لە فڕۆكەخانەی(ابوظبي) بەرپرسانی مانگی سووری ئیماراتی و كارمەندەكانیان بە تاجەگوڵینە پێشوازییەكی گەرمیان لێكردین. رۆژی دواتر واتە 4ی6ی2024 لە(مركز الخولة للفن و الثقافة) پێشوازیمان لێكرا و هەموومان بە جلوبەرگی كوردی بەشدار بووین و ئازیزان بە وێنەكێشان لەبەر چاوی میوانەكان ئەوان و ئێمەشیان خوشحاڵ و سەرسام كرد. راگەیاندنەكانی ئەم وڵاتە لەوێ ئامادە بوون و دواتر لە سۆشیال میدیا و رۆژنامەكان و كەناڵە ئاسمانییەكانیان هەواڵی ئەم میواندارییەی ئازیزانی كوردستان و شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاو كرایەوە.”
بەرپرسی هۆبەی داتا و زانیاری لە بەشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستە روو، كە تا رۆژی گەڕانەوەیان واتە 10ی6ی2024 سەردانی چەندین شوێنیان كردووە، لەوانە(البیت ابراهیم) كە شوێنی پێكەوەژیانی ئاییینەكانە، هەروەها سەردانی(الامانة العامة لهیئة الهلال الاحمر الاماراتی) و موزەخانەی(لۆڤەر) و(متحف مستقبل) و(مركز خولە) و مزگەوتی(شیخ زاید الكبیر) و (برج الخلیفە) و سەردانێكی مەیدانییشیان بۆ بەشی(منداڵانی بێباوك) كردووە. جێگری ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتییش سوپاسنامەی پێشكەش كردوون.








