دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكە بێ ئاوەكان دابین دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) لە چوارچێوەی پڕۆژەكانیدا بایەخی زۆری بە بواری ئاو و ئاوەڕۆ داوە، لەوانە(دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان، ڕاکێشانی بۆڕیی ئاو، لێدانی بیر، دروستکردنی خەزانی ئاو، لێدان و ڕاکێشانی ئاوەڕۆ لە کەمپ و دەرەوەی کەمپەکاندا و…هتد).
دیارە ئاو بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ژیان و مانەوەی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی دادەنرێت. هۆکارێکە بۆ زیندووبوون و دەستەبەرکردنی پێداویستییە ڕۆژانەییەکان، بەڵام لە وەرزی هاویندا لە چەندین گەڕەكی شار و شارۆچكەكانی زۆربەی پارێزگاكانی هەرێمی كودستان و ناوچە دابڕاوەكانی وەك كەركووك كێشەی كەمئاوی دروست دەبێت. هەر بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانە جێبەجێ دەكات كە تووشی كەمئاوی و بێئاوی بوونەتەوە. ئەمساڵیش دوای ئەوەی چەند گەڕەكی شاری هەولێر تووشی كەمئاوی بوون، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان كرد بە دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەندێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر، لەوانە گەڕەكی باداوە، ئیسكان، سیمی خاتووناوە، ژیان و زانایان، ئەم پڕۆژەیە لە 15\7\2024 دەستی پێكرد و بۆ ماوەی دوو مانگی بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە زیاتر لە 200،000 لیتر ئاو دابەش دەكرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ساڵی پار(2023) لە رێكەوتی 27\7\2023 هەڵمەتی دابەشكردنی ئاوی پاكی خواردنەوەی بۆ گەڕەكە بێ ئاوەكانی كەركووك ئەنجام درا، كە بۆ ماوەی یەك مانگ بەردەوام بوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی دابەشكردنی ئاوی پاكژی خواردنەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەكان جێبەجێ دەكات. تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەو خێزانانەی نەخۆشیان هەیە، یان پیر و پەككەوتەن، و توانای گواستنەوەی سۆندەیان بۆ سەربانی ماڵەكانیان نییە، خۆیان ئەركەكە جێبەجێ دەكەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest