دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیی لە سۆران رایگەیاند، بە هاوكاریی كۆمپانیای ئاوامێدیكا، زیاتر لە 12 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران دابین كردووە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیی كە لە ڕێكەوتی 11\7\2024 لە سۆران بەڕێوەچوو و هەر یەك لە بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھەڵگورد شێخ نەجیب قایمقامی سۆران و د. كامەران مەلا محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران، ئامادەی بوون. ڕاگەیەندرا كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی
بە هاوكاریی كۆمپانیای ئاوامێدیكا زیاتر لە 12 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران دابین كردووە.
هەرلەو بارەیەوە بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو هەوڵێكی ئەوە دەبێت كە پردێكی بەهێز بێت لە نێوان خەڵكی خۆشەویستی خۆمان و سەرمایەدارانی كوردستان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، هەمیشەش ئامانجی ئێمە ئەوە بووە كە خەمی هاووڵاتیان سووك بكەین”. گوتیشی: “ئێمە پڕۆژەی جۆراوجۆرمان لە دەڤەری سۆران هەبووە، ئەوەشی گرینگە بەردامبوونی ئێمەیە لەو پڕۆژانە و ئەوەشی گرینگترە ئەوەیە كە پڕۆژەكانمان جار بۆ جار و ساڵ بە ساڵ بەرفراوانتر و گشتگیرتر بوون”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ میدیاكان، جەختی لەوە كردەوە كە بە هۆی ئەو هەموو كۆسپ و تەگەرەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، خەڵكی هەرێمی كوردستان پێویستان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە. مزگێنی ئەوەشی دا، لە داهاتووی زۆر نزیك پڕۆژەی گەرەیان بۆ هاریكارییەكان لە هەموو سێكتەرەكان بۆ دەڤەری سۆران و هەموو هەرێمی كوردستان هەیە. گوتیشی: “هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە، كە ئەوەی دەیكەین، تەنیا ئەركە لەسەر ئێمە وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە خزمەتی بەرەوپێشچوونی ژیانی خەڵك بكەین و پێداویستییەكانیان بۆ دەستەبەر بكەین. هەمیشەش ویستوومانە بڵێین ئەم كارەمان كرد، نەك ئەو كارە دەكەین”.
بەڕێز ھەڵگورد شێخ نەجیب قایمقامی سۆران، سەبارەت بە دابینكردنی ئەو هاوكارییە پزیشكییە گوتی: “بە ناوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە هەمیشە پاڵپشت و هاوكاری هەموو كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و خەڵكی هەژار و لێقەوماوی ئەم دەڤەرە و هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بووە، لەسەر ئاستی عێراق و هەموو جیهانیش ڕۆڵی بەرچاوی هەیە”. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی متمانەیەكی زۆر باش لە نێوان خەڵكی هەژار و خواپێداوان دروست بكات”.
بەڕێز د. كامەران مەلا محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران، لە لێدوانەكەیدا بۆ میدیاكان، سەرەتا باسی ئەوەی كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵگری خەم و مەینەتییەكانی خەڵكە و چەندین ساڵە خزمەتێكی زۆری لە هەموو بوارەكان بە هاووڵاتیان و خەڵكی دیكە لە ئاستی ناوچەكەدا كردووە. هاوكات گوتی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی لەگەڵ كۆمپانیای ئاوامێدیكا، نزیكەی 12 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران دابین كردووە، كە بەسەر بنكە تەندروستییەكان و نەخۆشخانەكان و لە قەزا و ناحیەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەش دەكرێن”. جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو هاوكارییە جگە لەوەی كارئاسانییەكی زۆر بۆ هاووڵاتی دەكات، بارگرانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆرانیش سووكتر دەكات. گوتیشی: “زۆر سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی دەكەین، كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یە كە هەمیشە پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی و بەتایبەتی پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆرانی كردووە”.







