دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ سێهەمین ساڵ پێشوازی لە زیارەتكاران دەكات و ئەوانیش خزمەتگوزارییەكان بەرز دەنرخێنن

هاتنی زیارەتكاران لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر بەردەوامە كە بەنیازن لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن لە كەربەلا بەشداری بكەن. خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی “زۆر بەرز” دەنرخێنن.

بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرپەرشتی پڕۆژەی پێشوازی لە زیارەتکاران كە بە مەبەستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حسێن سەردانی كەربەلا دەكەن، ڕایگەیاند: “تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەفتەیەك پێش هاتنی زیارەتکاران بۆ هەولێر كە بە مەبەستی بەشداری لە رێوڕەسمی ماتەمێنی چلەی ئیمام حسێن سەردانی كەربەلا دەكەن، دەستیان بە ئامادەكاری كرد و، لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كردن. ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 8\8\2024 یەكەم كاروانی زیارەتكاران گەیشتنە شوێنی حەوانەوەیان لە هەولێر و هەموو خزمەتگوزارییەكیان بە خزمەتگوزاریی پزیشكی و دەرمانیشەوە بۆیان دابین كراوە”. گوتیشی : “تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە دوو ساڵی ڕابردووش، هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ پێشوازی لە زیارەتكاران كرد، كە بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمێنی ئیمام حسێن لە سنووری (حاجی ئۆمەران)ـەوە هاتبوونە هەولێر و دواتر بەرەو كەربەلا و نەجەف ڕەوانە كران. ئەمساڵیش بۆ سێیەم جار خزمەتگوزارییەكان بۆ زیارەتكارانی بەڕێز ئامادە كراون و بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەكەین. لە خوای گەورە نزاكارین دوعا و عیبادەتەكانیان قبووڵ بكات”.
بەڕێز یوسف جەهانبەخش، لە ناو هۆڵی حەوانەوەی پیاوان مەكینەیەكی دروومانی داناوە و لە لێدوانێكیدا بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتی: “بەڕاستی حكومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ كردووین، خوای گەورە پاداشتیان بداتەوە”، لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا بە پارەی كاری دروومان دەكات؟ گوتی: “پارەشمان پێ بدەن، قبووڵی ناكەین، ئێمە هەرچی بۆ یادی ئیمام حسێن عەلەیهەسەلام بیكەین، هێشتا كەمە”.
بەڕێز ئێحسان حەسەنپوور، ڕۆژنامەنووس و میدیاكاری خەڵكی تەورێزی ئێرانە و سەبارەت بە ئیمكاناتی شوێنی حەوانەوەیان گوتی: “لێرە بەتانی، بالیف، گەرماو، خواردنی گەرم و ئاوی فێنكی خواردنەوە و زۆر شتیان بۆ دابین كردووین. ئەو هاوكارییانە جێی سوپاس و پێزانینن. ئینشاڵڵا خوای گەورە بە خێری گەورە بۆیان قبووڵی بكات و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەتی هەرێم بپارێزێت و هەر سەركەوتوو بن”. گوتیشی “هەموو خزمەتگوزارییەكان زۆر باشن، بەتایبەتی بەشی پزیشكی و فریاكەوتن، بەڵام(وایفا)كە بە سیستمی هەموو مۆبایلێك ناخوات. هەروەها ئەو هەموو بۆری و پۆمپە كە ئاوەكە وەك تۆز بڵاو دەكاتەوە، لە حەوشە و لەبەر خۆر بێسوودە، دەكرا سەرپۆش، یان خەیمەیان بۆ دانابا”.
بەڕێز ئەمیر حسێن سەید نەزەری، پیشەی مامۆستایە لە چایخانەی حەزرەتی ڕوقەییە خزمەتی زیارەتكاران دەكات. حەوت(بەرمیلە سەماوەر)ی گەورەی لە بەردەستە و پەیتا پەیتا و لەسەر یەك، چای بۆ زیارەتكاران تێدەكات. ئەو بە دڵخۆشییەكی زۆرەوە باسی خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد. گوتیشی: “ئەم دەزگا خێرخوازییە خزمەتی ئایین و مەزهەبیش دەكات، بۆیە خوای گەورە هەمیشە سەركەوتوویان دەكات”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest