ئێلەكی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مێژوویەك لە شانازی

ئێلەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە كارمەندان و خۆبەخشانی ئەم دەزگایە لەبەری دەكەن، لۆگۆیەكی لەسەر نەخشێنراوە، وێنەی ڕابەر و باوكی ڕۆحیی نەتەوە “مستەفا بارزانی” لە ناو دوو بازنەدا(لە سەر سینگ و لە پشتی ئێلەكەكە) دانراوە، ئەوەش فەلسەفەی كاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەخاتەڕوو، ئەركی ئەم دەزگایەش زۆر قورستر دەكات، لەبەر ئەوەی شوێنكەوتووی هزری مرۆڤدۆستی بارزانیی نەمرن، كە هەمیشە جەختی لەسەر پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی و خزمەتكردن و ژینگەپارێزی كردووەتەوە.
بەڕێز ڕزگار عوبێد بەڕێوەبەری بەشی زنجیرەی دابینکردن لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نموونەی هەموو ئێلەكەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگاوە لە ساڵی 2005 تا ئێستا لای خۆی ڕاگرتووە و لە ژووری كارەكەی دایناون. لە بارەی یەكەم ئێلەكیش كە ڕەنگی ڕەش بووە، تا دوا ئێلەك كە ڕەنگی خاكییە و كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی چالاكییەكان لەبەری دەكەن، دەڵێت: “سەرەتا یەكەم ئەزموون بوو، بۆیە ڕەنگی ڕەش دەستنیشان كرا، بەڵام كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تەنیا بە ناوچەیەك، یان سنوورێك، گرێ نەدراوە و لە هەر كوێیەكی ئەم زەوییە خەڵك پێویستی بە هاوكاری هەبێت، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەتوانن لەو شوێنانە ئامادە بن و كاری فریاگوزاری و خزمەتگوزاری و هاریكاری بكەن، بۆیە ئێستاش ئێلەكەكانی دەزگا بە ڕەنگی خاكین”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە یەكەم ئێلەك بۆ كام چالاكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبەر كراوە؟ بەڕێز رزگار عوبێد گوتی: “لەگەڵ ئەنجامدانی یەكەم چالاكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەیەكی دار چاندن بووە كە بڕی 4،500 نەمام و دارمان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان چاند. پاراستنی ژینگە لە عەقیدەی بارزاندا جێگەی تایبەتیی خۆی هەیە. شێخ ئەحمەدی بارزان دەیان ساڵ پێش نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چەمكی ژینگە و ژینگەپارێزی بەكار هێناوە و خەڵكی بۆ پاراستنی ژینگە هان داوە”.
خەڵك لە ناوخۆی كوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە ئێلەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڕوانن، كارمەندان شانازی پێوە دەكەن، هەروەها لەو وڵاتانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاری تێدا كردووە، ڕێزێكی تایبەتی لەو ئێلەكە نراوە، هەروەك بەڕێوەبەری بەشی زنجیرەی دابینکردن لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “ئەو ڕێزەی لە كارمەند و ئێلەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە وڵاتانی دیكە دەگیردرێت، زۆر زیاترە لەو ڕێزگرتنەی خەڵكی كوردستان. كاتێك بۆ بەهاناوەچوونی خەڵكی توركیا چووین، دوای ڕوودانی كارەساتی بوومەلەرزەكان، شەوی یەكەم كەسێك ڕێگەی لێگرتین و یەكسەر لۆگۆی ئێلەكەكەی ماچ كرد و گوتی: ئامادەم خۆبەخشانە هاوكارتان بم، چونكە وێنەی ڕابەڕی مێژوویی كورد ژەنەڕاڵ بارزانی لەسەر لۆگۆیەكەتانە..
شەوێكی دیكە لە ئورفا بووین، تیمەكەی ئێمە زیاتر لە بیست كەس دەبووین و درەنگانی شەو ساعەت یەك و نیو بوو، بە شوێن شوێنێكدا دەگەڕاین بۆ مانەوە، كەسێك هات و بە تكاكاری بردمانی بۆ ماڵی خۆیان، دوای نانخواردن لە دیواخانەكەی و لە كاتی ماڵاوایی، ئەو شێخە لۆگۆی ئێلەكەكەی منی ماچ كرد و گوتی: ئێوەی كورد قیمەتی ئەم پیاوە مەزنە نازانن چەند گەورەیە، ناوی مەلا مستەفا بارزانی، ناوێكی پیرۆزە و موڵكی هەموو كوردێكە و هەموو مێژووی كورد قەرزاریەتی، خوای گەورە بە بەهەشت بۆی قەرەبوو بكاتەوە”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest