دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە شاندی ڕێکخراوی komciwan دەكات

شاندی ڕێکخراوی komciwan سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شوێنەوار و شوێنە گرنگەکانی کوردستان دەكات.

شاندی ڕێکخراوی komciwan بە سەرپەرشتیی سەرۆكی رێكخراوەكە بەڕێز كاوین عەلی، لە ڕێكەوتی 16\9\2024 گەیشتنە هەولێر و لەلایەن هۆبەی پەیوەندییە گشتییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازییان لێكرا. شاندەكە مەبەستیان بوو لە نزیكەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شوێنەوار و شوێنە گرنگەکانی کوردستان ببینن و بە کەلتوور و مێژووی دێرینی کوردستان ئاشنا بن. هەر بەو مەبەستە و بە یاوەریی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی زۆر شوێنیان كرد، سەردان و دیدارەكانیشیان بەمجۆرە بوون:
لە ڕێكەوتی 17\9\2024 سەردانی بارزان و مەزاری نەمران و مۆزەخانەی ئەنفالی بارزانییەکان كرد. پێشوازیكارانی بەڕێز بە وردی، باسی مێژووی بارزان و قوربانییانی كورد و شۆڕشەكانی بارزانیان بۆ شاندی میوان كرد. هەر لە هەمان ڕۆژ شاندەكە سەردانی ئەشکەوتی شانەدەریان كرد.
لە ڕێكەوتی 18\9\2024 سەردانی پەرلەمانی کوردستان و قەڵای هەولێریان كرد. بەو سەردانەش بە یاساكانی كوردستان و مێژووی قەڵای هەولێر ئاشنا بوون.
لە 19\9\2024 سەردانی پارێزگای دهۆکیان كرد و بەڕێز جێگری پارێزگاری دهۆک بە گەرمی پێشوازیی لێكردن و چەندین تەوەری تایبەت بە پارێزگاكە گفتوگۆی لەسەر كرا.
لە ڕێكەوتی 21\9\2024 سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە هەڵەبجە و مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەیان كرد لە سلێمانی و لە نزیكەوە بەو تاوان و ستەمكارییانە ئاشنا بوون، كە بەرانبەر بە میللەتی ئاشتیخوازی كورد كراون.
شاندی میوان لە ڕێكەوتی 22\9\2024 سەردانی سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێریان كرد و لەگەڵ بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆبوونەوە. هەر لەو دیدارەدا بە كار و چالاكی و پڕۆژەكانی هاریكاریی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 19 ساڵی ڕابردوو ئاشنا كران و ئەندامانی شانەدەكە، ئەو ڕابردووە درەوشاوەیەی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یان بەرز نرخاند.
شاندی ڕێکخراوی komciwan پێکهاتبوون لە (45) کەس کە هەموویان ئەندامی ڕێکخراوی ناوبراو و کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بوون، بێجگە لە چەند ئەندامیان كە بە ڕەچەڵەک خەڵکی چەند وڵاتی جیاواز بوون.
ڕێكخراوی ناوبراو یەكێكە لەو ڕێكخراوانەی كە لە ڕابردوودا كاری پێكەویی و پڕۆژەی هاوبەشی هاریكاریی مرۆیی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجام داوە، بەتایبەتی لە كاتی كارەساتەكانی بوومەلەرزە لە توركیا و سووریا هاوكاریی بەرچاویان هەبووە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest