دەزگای خێرخوازیی بارزانی باڵاخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە هەولێر دەكاتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتیی ئایینی و ئەكادیمی و بەرپرسانی حكوومی و ئیداری، باڵاخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دەكاتەوە.

بە ئامادەبوونی بەڕێزان، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی و نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كونسووڵی گشتیی كوەیت لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی كوردستان، سەرۆكایەتیی زانكۆی سەلاحەین و چەندین كەسایەتیی ئەكادیمی و بەرپرسانی حكوومی و ئیداری، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2\10\2024 لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا، باڵاخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بە فەرمی كرایەوە.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سەرەتا ڤیدیۆی دروستكردنی ئەو باڵاخانە ناوازەیە نمایش كرا. كە تێیدا ئاماژە بەوە كرا، باڵاخانەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بە تێچووی 4،556،530 دۆلار لە سەر ڕووبەری 13000 م2 دروست كراوە. ماوەی 456 ڕۆژ بۆ تەواوكردنی دیاری كرا.
دواتر وتاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەڕێز پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا سەرەتا سڵاو و ڕێز و پیرۆزبایی جەنابی سەرۆك وەزیرانی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و دواتر تیشكی خستە سەر ڕۆڵی كاریگەریی خزمەتكردنی كورد بە زانستی ئیسلامی و جەختی لەوەش كردەوە كە لە كوردستان كێشەی ئایینییمان نەبووە، بەڵكو كێشەی نیشتمان و پێناسەی نەتەوەییمان هەبووە، كە مامۆستایان و كەسایەتییە ئایینییەكان دەتوانن لەو بوارەدا ڕۆڵی بەرچاو ببینن. جەختی لەوەش كردەوە: “میللەتی كورد میللەتێكی موسڵمان و ئاشتیپەروەرە”، گوتیشی: “ئێمە لە كوردستان شانازیی بە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكەین. زۆر زەروورە هەر هەموومان وەكو چاوی خۆمان ئەو پێكەوەژیانە بپارێزین”. ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن خوشك و برای عەرەب لە هەولێر و دهۆك دەژین. ئەوەشی دووپات كردەوە كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەكە زۆر باشە و نموونەشی بە كردنەوەی باڵاخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان هێناوە، هاوكات سوپاسی كونسووڵی كوەیتی لە هەرێمی كوردستان كرد، كە “وەكو پردێك ڕۆڵی لە بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییەی نێوان گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەل و حكومەتی كوەیت هەبووە”.
دواتر ڤیدیۆی دروستكردنی باڵاخانەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە تكریت نمایش كرا. لە دوای ئەوەش بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا وێرای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، كردنەوەی باڵاخانەی نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی لە هەولێر بە مایەی شانازی ناو برد و هیوای خواست “ببێتە ڕاهێڵەیەكی پتەو لە نێوان ناوەندە زانستییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەندە زانستییە ئایینییەكانی وڵاتی كوەیت”.
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا گوتی: “بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی ئەو متمانە بێ سنوورەی جەمعیەی ئیغاسەی كوەیتی دەكەین كە بە (دەزگای خێرخوازیی بارزانی) یان هەبووە. كە سوور بوون لەسەر ئەوەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانكۆی تكریتیش هەر دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتی بكات”. لە بەشی كۆتایی وتارەكەشیدا سوپاسی تایبەتی وڵاتی كوەیت و بەڕێزان كونسووڵی ئێستا و كونسووڵی ڕابردووی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستانی كرد، كە وەك چیایەك لە پشتی هاوكاری و گەیاندنی هاریكاریی مرۆیی جۆراوجۆر لە بواری خۆراكی و ناخۆراكی و پەروەردەیی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئاوارە و پەنابەران بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی فریاگوزاریی کوێتی و زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر لە ڕێكەوتی 8/6/2022 بەردی بناغەی ئەم کۆلێژی داناوە. دروستكردنی كۆلیژێكی هاوشێوەش لە تكریت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی سپێردراوە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest