دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەشداری لە كۆڕبه‌ندی BBF لە ئەڵمانیا بانگهێشت دەكرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی بۆ بەشداری لە كۆڕبه‌ندی BBF لە ئەڵمانیا بانگهێشت دەكرێت و لەو كۆڕبەندە بە وردی باسی بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی دەكات.
كۆڕبه‌ندی كاری ساڵی 2024 ی BBF لە شاری فرێدڕیش هاڤن لە ئەڵمانیا لە ڕێكەوتی 22/10/2024 بەڕێوە چوو. 700 كەسایەتی سیاسی و ئیداری و حكوومی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران لەو كۆڕبه‌ندە بەشدار بوون كە 14 پلاتفۆرمی لەخۆ گرتبوو. دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكێك لە لایەنەكانی بەشداربووی كۆڕبه‌ندەكە بوو، كە بە فەرمی بۆ ئەو كۆڕبه‌ندە بانگهێشت كرابوو.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پانێلێكی بۆ دەستنیشان كرابوو، كە تێیدا بە وردی باسی بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی كرد. هەر لەو بارەیەوە لە ئاخافتنێكدا بۆ كوردستان تی ڤی (لە شوێنی كۆڕبەندەكە) ئاماژەی بەوە كرد كە “مسداقییەتێك لە نێوان هەر دوو لایەن (BBF و BCF ) دروست بووە، هاوكاریی ئەوان بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران بە وردی تاوتوێ كراون، جەختی لەوەش كردەوە كە تا ئێستا نزیكەی یەك ملیۆن و نیو لە خەڵكی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دەژین و ئەگەر كورستان نەبێت، ئەوا شاڵاوی پەنابردنی ئەو خەڵكە بۆ وڵاتانی ئەوروپا زۆر زیاتر دەبێت. باسی ئەوەشی كرد كە بە هۆی بارودۆخی ناوچەكە ئەگەری ئەوە هەیە، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر ببێت.
شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرپەرشتیی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە یاوەریی بەڕێزان ئاوات مستەفا نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەورووپا، کارزان نوری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ستاڤ ئاسۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، شێرۆ سمۆ كاربەڕێكەری نووسینگەی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی وڵاتی ئەڵمانیایان كرد.
شاندەكە لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیان لە ڕێكەوتی 22/10/2024 بەشدارییان لە کۆڕبەندی کاری بۆدێنس لە وڵاتی ئەڵمانیا كرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest