لەژێر چاودێریی ڕێزدارمەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی(BCF City) لە قوشتەپە دانرا

لەژێر چاودێریی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وسەرۆكی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی (BCF City)لە شارۆچكەی قوشتەپە دانرا.
لەژێر چاودێریی ڕێزدار(مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بژار مەلا خدر قائیمقامی شارۆچكەی قوشتەپە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و حكوومی و چالاكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و بەخشەران و خێرخوازانی كوردستان، لە ڕێكەوتی 19\10\2024 ڕێوڕەسمی جێبەجێكردنی پڕۆژەی (BCF City) بۆ خەڵکی هەژار و کەمداهاتی دانیشتووی شارۆچكەی قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر كە 180 خانوو بۆ خەڵکی هەژار و کەمداهات لە خۆ دەگرێت بۆ دانیشتووی بەڕێوە برد.
لە دەستپێكی ڕێوڕەسمەكەدا، بەڕێز بژار مەلا خدر قائیمقامی شارۆچكەی قوشتەپە، وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهاتنی میوانەكان، باسی بیرۆكەی دروستكردنی گەڕەكی نوێی لە قەزای قوشتەپە كرد و هێمای بۆ ئەوە كرد كە لەو سنوورە چەندین خێزان لە ئاستی خوار هێڵی هەژاری دەژین و خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە و پێویستە ئاوڕی جددییان لێ بدرێتەوە. هاوكات سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خاوەن كارەكانی سنوورەكەی كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 4000 كەس لە وەرگرتنی هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی سوودمەند بوون. هاوكات گوتی: “جەنابی كاك موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زۆر پشتیوانمان بوو. بەتایبەتی كە ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی لەو چەشنە زۆر ئاسان نەبوو”. باسی ئەوەشی كرد كە بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە زیادكردنی هاریكاربەخشەكان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی كردوون. دواتر بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لەسەر دیدگاكانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەتگەیاندنی حكومەت لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكان بووە و سەردانی قوشتەپەی كردووە و كۆمەڵێك پڕۆژەی گرینگی بۆ بەقەزابوونی قوشتەپە پەسەند كردووە. هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی ئەو وتە بەنرخەی ژەنەڕاڵی مەزن، سەرۆكی ڕۆحی و نەتەوەییمان مستەفا بارزانی، كە فەرموویەتی: ((شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت))، بەر مەبنای ئەو تێڕوانینە لە هەموو سێكتەر و مەجالەكان ڕۆڵی گرینگی بینیوە. گوتیشی: “گرفتی نیشتەجێبوون، یەكێك لە ئەولەوییاتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی جێگەی فۆكس و تەركیزی جەنابی سەرۆك وەزیران بووە”. ئەوەشی خستەڕوو كە پڕۆژەی گەورەتر لە پلاندایە و دەستەی وەبەرهێنان پشتێوانێكی سەرەكین و وەزارەتی شارەوانی هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكات”. ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، كلیلی 540 یەکەی نیشتەجێبوون لە لایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی بە خانەوادەی سەربڵندی شەهیدان پێشكەش كراوە.
دواتر بەڕێز ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وتارەكەیدا، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، خۆشحاڵیی خۆی لەوە دەربڕی كە لە ڕێوڕەسمی دەستكەوتێكی دیكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەژار و كەمداهات بەشدارە و هاوكات گوتی: “دروستكردنی 60 خانوو بۆ خەڵكی كەمدەرامەتی ئەم سنوورە، لە لایەن كۆمەڵێك بەخشەر و سەرمایەدار و خاوەن كار جێگەی دەستخۆشییە”، هیواشی خواست لە هەموو شار و شارۆچكە و سنووری هەموو پارێزگان كای هاوشێوە بكرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو كە زەوییەك بە ڕووبەری 35 هەزار مەتر دووجا بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كراوە و 180 خانووی لەسەر دروست دەكرێت. جگە لە دەستخۆشی لە خێرومەندانی پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیە، خوازیار بوو، خاوەن كار و سەرمایەدارانی دیكەش لە هاریكارییەكانی لەو چەشنە بەشدار بن.
لە بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكەدا، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای بەخێرهاتنی “میوانانی قەدرگران”، بە ناوی هەموو ئامادەبووانەوە سوپاسی تایبەتی خێرومەندان و سەرمایەدارانی كوردستانی كرد، جەختی لەوەش كردەوە كە لە كۆمەڵگەی كوردستان كەلتوورێكی گەورەی بەخشین و چاكەكاری هەیە و گوتیشی: “زۆر بە ڕاستگۆیی دەڵێین لە هیچ شوێنێكی دونیا نەمانبینیوە ئەوەی كە لە كوردستان خەڵكی خێرخوازی ئێمە دەیكەن، لە شوێنانی دیكە بۆ هاریكاری ئینسانی ئەنجام بدرێت”. ڕۆڵی هەولێر و هەولێرییەكانیشی بەتایبەتی لەو بوارەدا زۆر بەرز نرخاند و گوتی: “ئێمە پەروەردەی ڕیبازێكین چاكە لەبیر ناكەین”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest