دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات پشتیوانی لە ئازادیی خوێندن بە زمانی دایك بكەن

نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەشداری دەكات و لە وتارەكەیدا داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، پشتیوانی لە ئازادیی خوێندن بە زمانی دایك بكەن.

بەڕێز ئاوات مستەفا ئەندامی دەستەی کارگێڕی و نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی کەمە نەتەوەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەشداری كرد، كە لە ڕێكەوتی 28و29\11\2024 بەڕێوەچوو. لەو کۆنفڕانسەدا وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە كرد، كە خوێندن بە زمانی کوردی تەنیا لە باشووری کوردستان – عێراق ئازادە و کوردانی پارچەکانی دیكە لەم مافە بێبەش کراون. هاوكات داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، پشتیوانیی کورد بكەن، بۆ ئەوەی هەمان مافی نەتەوەكانی دیکەی لە پەروەردە بە زمانی دایك هەبێت.
نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، کە پەروەردە و فێربوون بە زمانی دایک، ناسنامەیەکی ڕاستەقینەی هەر نەتەوەیەكە و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا پێویستە ئازاد بێت و ڕێگری لێ نەكرێت. گوتیشی: “زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان ئازادن لە پەروەردەکردن بە زمانی خۆیان، بەڵام زۆرینەی گەلی کورد لەو مافە بێبەش كراون. تەنیا لە باشووری کوردستان – عێراق، خوێندن بە زمانی کوردی ئازادە و کوردانی پارچەکانی دیكەی كوردستان لەو مافە بێبەش کراون”.
بەڕێز ئاوات مستەفا، لە بەشێك لە وتارەكەیدا كە پێشوازییەکی ئەرێنی لێکرا لەلایەن بەشداربووانی کۆنفڕانسەکەوە، گوتی: “مافی گەردوونیی مرۆڤ، زمانی بە گرنگترین سەرچاوەی بوونی مرۆڤایەتی وێنا کردووە، کەچی زۆرێک لەو وڵاتانەی کوردی تێیدا دەژین، ڕێگەیان نەداوە گەلی کورد ئەم مافە کە خودا پێی داون، پەیڕەوی بکەن”. داواشی لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، پشتیوانیی گەلی كورد بكەن، بۆ ئەوەی هەمان مافی نەتەوەكانی دیکەی لە خوێندن و فێربوون بە زمانی دایك هەبێت، گوتیشی: “زۆر پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی ئەو وڵاتانە بدەن کە بایەخی تەواو بە پراکتیزەکردن و بەشداریی ئازادانە بەبێ جیاوازی و دوور لە چەوساندنەوە لە پەروەردە و فێربوون بە زمانی دایك بدەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest