یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە كەمپەكانی سنووری دهۆك و هەولێر و نەینەوا

لە كەمپەكانی سنووری پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر و نەینەوا، یادی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەكرێتەوە و ژمارەیەك لە خانمان خەڵات دەكرێن.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی (Mission Enfance) و ئەو ڕێكخراوانەی لە كەمپەكە كار دەكەن، لە ڕێكەوتی 25\11\2024 لە كەمپی خانكێ لە سنووری پارێزگای دهۆك، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان چالاكییەكی ئەنجام دا و دوای سیمینارێكی هوشیاركردنەوە، لەو ڕێوڕەسمە 10 ئافرەت خەڵات كران.
لە ڕێكەوتی 25\11\2024 لە كەمپی ڕوانگە بە هاوكاریی ڕێكخراوی(seed) و لە 26\11\2024 لە هەمان كەمپ بە هاوكاریی ڕێكخراوی(Dolsa) چالاكییەكی هاوشێوە ئەنجام دران. هەر لە هەمان ڕۆژ بە هاوكاریی ڕێکخراوی INTERSOS))، بە بۆنەی هەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و لەژێر دروشمی “هەر 10 خولەک جارێک ژنێک دەکوژرێت (# بێ بیانوو)”، سیمینارێكی هۆشیاركردنەوە سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پێشەكەش كرا، كە تێیدا جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی، ڕێکارەکانی سکاڵاکردن و چەند پرسی پەیوەندیدار لە سەنتەرى ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی تيڕێژ لە كەمپی باسرمە لە سنووری پارێزگای هەولێر تاوتوێ كران.
هەروەها لە کەمپی دارەشەکران، لە ڕێكەوتی 28/11/2024، سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی قەدری جان لەگەڵ ڕێکخراوی (TDH) بەشدارییان لە سازدانی پیشانگایەکی هونەری کرد، کە تابلۆ و کاری دەستیی زیاتر لە 70 خاوەن بەرهەمی لەخۆ گرتبوو.
هەر لە هەمان ڕێكەوت بە هاوكاریی (The Stirling Foundation_Ifmsa)، لە سەنتەرى ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی عوسمان سەبرى لە کەمپی قوشتەپه، ڤیدیۆ کلیپێک لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان نمایش كرا.
لە ڕێكەوتی 29\11\2024 بە هەمان مەبەست چالاكییەك لە سەنتەری شنگال لە كۆمەڵگەی بۆرک لە شارەدێی سنونێ بەڕێوەچوو و لەو ڕێوڕەسمەدا جەختیان لەوە كردەوە كە ئافرەت هیمایێکه لە بەخشین و بەزەیی و خۆڕاگری، ئەمەش لە باشترکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest