تیمی پڕۆژە تایبەتەکان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران كاری پێكەوەیی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن

تیمێكی پڕۆژە تایبەتەکان لە نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 9\3\2025 سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێریان كرد بە مەبەستی بەشداریکردنی خۆبەخشانە لە هەڵمەتی خاوێنكردنەوە و ئامادەكردنی سەبەتەكانی خۆراك بۆ خەڵكی هەژار لە مانگی ڕەمەزان.

وەك نەریتێك ڕۆژانی یەكشەممەی هەموو هەفتەیەك، هەموو كارمەندانی دەزگا لە سەرجەم نووسینگەكان و نوێنەرایەتییەكانی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمیش، هەڵمەتێكی گشتگیری خاوێنكردنەوەی ژینگە جێبەجێ دەكەن. جیاوازیی ئەم یەكشەممەیە ئەوە بوو، كە تیمی پڕۆژە تایبەتەکان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران خۆبەخشانە لەو هەڵمەتە بەشدار بوون.

دواتر لە ڕێوڕەسمێكدا لە هۆڵی كۆبوونەوەكان لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە ڕۆڵ و کار و چالاکییەکانی دەزگا کرد لە ماوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دیارترینیشیان بەرنامەی نووژینە، کە پوختەی بەرنامەکە بریتییە لە گۆڕینی ریشەیی ژیانی کەسانی هەژار و کەمدەرامەت. لە بڕگەیەكی دیكەدا، وێڕای پیرۆزبایی لە خانمانی كوردستان و جیهان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان (8ی مارس) چەپكە گوڵ بە خانمانی ئامادەبووی ڕێوڕەسمەكە پێشكەش كرا.

دواتر ڤیدیۆی چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 19 ساڵی ڕابردوو كە لە ناوخۆ و وڵاتانی دیكە ئەنجامی داون، نمایش كرا و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان كۆتایی ڕێوڕەسمی ناو هۆڵەكە بوو. وەك دوا بڕگەی چالاكییەكانی ئەو ڕۆژەش هەر دوو تیم لە ئامادەكردنی سەبەتەكانی خۆراك بۆ دابەشكردنیان لە مانگی ڕەمەزان، بەشدارییان كرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest