بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دهزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی میدیایی، پڕۆژەی (ئازیزان – كوردستان) ڕادەگەیەنێت و كار و چالاكییەكانی دهزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی ڕهمهزانی پیرۆز دەخاتەڕوو.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دهزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی 4\3\2025 و لە كۆنگرەیەكی میدیایی، پڕۆژەی (ئازیزان – كوردستان)ی ڕاگەیاند. ئەوەشی خستەڕوو كە به بۆنهی هاتنی مانگی ڕهمهزانی پیرۆز و به پاڵپشتیی خاوهن كۆمپانیا و كهسایهتی و خێرومهندانی كوردستان و له چوارچێوهی پڕۆژهی (ئازیزان – كوردستان)، بڕی (1،361،440) دۆلار به سهر (3،562) منداڵی ئازیز دابهش دهكرێت. وەك باسی كرد، ژمارەی ئازیزان(منداڵانی بێباوك)ی سوودمەند لەم پڕۆژەیە، ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش لەخۆ دەگرێت، كە بەمجۆرەن:(هەولێر 802 ئازیز، سلێمانی561 ئازیز، دهۆك 594 ئازیز، كەركووك 644 ئازیز، هەڵەبجە 55 ئازیز، گەرمیان454 ئازیز، شنگال 261 ئازیز و عەفرین 192 ئازیز).
سەرۆكی دهزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خێرخوازان و پاڵپشتیكارانی پڕۆژەكە دەربڕی، بەتایبەتی كەسانی خاوەن سامان و خێرومەندان لە هەرێمی كوردستان و مانگی سووری ئیماراتی كە لە سأڵی 2012وە هاوكاریی زیاتر لە 16 هەزاری منداڵی ئازیزیان كردووە. ئەوەشی خستەڕوو كە تا ئێستا زیاتر لە 80 ملیۆن دۆڵار وەك هاوكاریی نەختێنە بە منداڵانی ئازیز دراوە. ئاماژەی بەوەش كرد، كە بەشی دووەمی پڕۆژەكە كە زیاترە لە 4 ملیۆن دۆلار بە هاوكاریی مانگی سووری ئیماراتی دەبێت و هەوڵ دەدەن، پێش كۆتایی مانگی ڕەمەزان بەسەر زیاتر لە 11 هەزار منداڵی ئازیزدا دابەشی بكەن. باسی ئەوەشی كرد كە لە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك ڕادەگەیەنن كە زیاتر لە 15 هەزار خێزان لێی سوودمەند دەبن. بڕێكیش پارە دابین دەكرێت، بۆ خێزانەكانی هەژار و كەمداهات بۆ ئەوەی بتوانن لە ماركێتە دەستنیشان كراوەكان پێداویستیی ڕۆژانەی خۆیان بكڕن.







