دەزگای خێرخوازیی بارزانی، منداڵی تووشبووی ئۆتیزم بە شیاندنەوەی زانستی چارەسەر دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم مافی چارەسەریان هەیە و وەك منداڵانی ئاسایی خەون و ڕۆئیای گەورەیان هەیە و پێویستە ئاوڕی جددییان لێ بدرێتەوە و بایەخی تەواویان پێ بدرێت.
سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر، سەنتەرێکی نیمچە خێرخوازییە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بۆ خەلکی کەمداهات بێ بەرانبەر پێشکەش دەکات. لەم سەنتەرەدا چاودێری و ڕاهێنان و شیاندنەوە بۆ ئەو منداڵانە دەکرێت کە شەبەنگی ئۆتیزمیان هەیە. سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) كە هاوکات سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە دامەزراوە و مۆڵەتی کارکردنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
باڵاخانەی ئەم سەنتەرە لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی دروست کراوە و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە دەبرێت. هەوڵ دەدرێت لە داهاتوودا ئەم سەنتەرە ببێتە سەنتەرێکی خۆبەڕێوەبەر، لە ئێستاشدا بە یەکێک لە باشترین سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە عێراق و ناوچەکە دادەنرێت.
لە ئێستادا بە دوو شیفتی جیاواز ڕاهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەکرێت. مامۆستا و ڕاهێنەران بە پێی سیستەمی جیهانی و بە بەکارهێنانی بەرنامە و پڕۆگرامە جیهانی و کاریگەرەکان لە پرۆسەی ڕاهێنان و شیاندنەوەی منداڵانی ئۆتیزم، ڕاهێنانی منداڵەکان دەکەن. نموونەی بەرنامەكانیشیان پڕۆگرامەكانی (ABA, TEACCH, IEP, PECS, Lovaas) ـە و ڕاهێنانی وەرزشی و فێركاریی میوزیک و ڕاهێنانی جەستەیی پێشکەش بە منداڵانی ئۆتیزم دەکرێت.
سەرجەم ڕاهێنەران دەرچووی زانکۆن و لە بەشە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە ئۆتیزم بڕوانامەیان هەیە، هەروەها گشت ڕاهێنەران لەلایەن پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی چەندین خول و ڕاهێنانیان وەرگرتووە.
سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، جگە لە ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم، بووەتە ناوەندێکی پێگەیاندنی ڕاهێنەر و کادیر، لەم بوارەشدا چەندین خول و ڕاهێنانی بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەری نوێ کردووەتەوە، هەروەها لەم سەنتەرە تیمێکی پزیشکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی وەک(پسپۆڕی مێشک و دەمار، پسپۆڕی دەروونی، پسپۆڕی گشتیی منداڵان) بەبێ بەرانبەر و لە نزیکەوە منداڵانی سەنتەرەکە دەبینن و چاودێرییان دەکەن. ساڵانەش گەشتی تایبەتی و چالاكیی جۆراوجۆر بۆ قوتابیانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم ئەنجام دەدرێت.




















