موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەکو قسەکەری سەرەکی، بەشداری لە پانێلێکی تایبەت بە هەژاری و کاری مرۆیی، لە چوارچێوەی کۆڕبەندی جیهانی بۆ دیموکراسیدا کرد.
لەو پانێلەدا، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بە روونی ئاماژەی بە کاری مرۆیی و خێرخوازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهاندا کرد، بە تایبەتیش لەو شوێن و ناوچانەی کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کار تێدا کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەو رێکخراوانەی کاری مرۆیی و خێرخوازیی دەکەن، ئەوەیە کە چۆن بەخشەر و کەسانی هەژار و کەمدەرامەت بە یەک بگەینن.
جەختی لەوەشکردەوە، کە سەرەڕای قورسی ئەو ئەرکە، بەڵام گرنگە چۆن خەڵکی هەژار دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کێشەکانی چارەسەر بکرێت، بە هەمان ئەندازەش گرنگە کە ئەو تێگەیشتن بەرپرسیارێتیە لەلای کەسانی بەخشەر و خێرخواز دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئاوڕ لەو خەڵکە بدەنەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەسەر ئەوەش کردووە، توانیویانە متمانەیەکی بەهێز و پتەو دروستبکەین بۆ ئەوەی بتوانن هاوکار بن و چارەسەری کێشەی هەژاران بکەن، هەروەها ئاماژەی بە رێژەی هەژاری کرد لە هەرێمی کوردستان، کە لە دوایین سەرژمێریدا، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کەمترین رێژەی هەژارییان تێدا کراوە.
بەشداربووانی کۆڕبەندەکە، سەرسامی خۆیان بە کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیشاندا و رایانگەیاند، کە کاری باش و سەخت ئەنجام دەدەن، لە جیهانێکدا پڕە لە پێکدادان و نائارامی، ئەوەش گرنگە کە دەزگاکە لە ژێر دروشمێکی دیاریی بارزانی نەمر دامەزراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاکە رێکخراو و دامەزراوەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، بانگهێشتی ئەو کۆڕبەندە گرنگە جیهانییە کراوە، شاندی دەزگاش بە سەرۆکایەتی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگا پێکهاتبوو لە هەر یەکە لە ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگا، ئاوات مستەفا، ئەندامی دەستەی کارگێڕی، ئاشنا جەمال، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆری، عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ئازیزان و بێ هاوژینان.
