دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆنفڕانسێکی تایبەت لە بارەی هاوکارییەكانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبات

موسا ئەحمەد: ئەو بەلێنەی دامان، جێبەجێمان كرد و لەگەڵتان بووین و لەگەڵتان دەمێنینەوە

بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی و سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان و سینەم بەدرخان و ژمارەیەك لە كونسووڵی وڵاتان لە هەولێر و چەندین كەسایەتیی حكوومی و سەرمایەدار و هاریكاری بەخشەران و چالاكانی مەدەنی و میدیاكاران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 30\4\2025 لە هەولێری پایتەخت و لە هۆلی پێشەوا، کۆنفڕانسێکی تایبەتی لە بارەی ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان کراون، بەڕێوە چوو.

كۆنفڕانسەكە سەرەتا بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر موسا ئەحمە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون، ئاماژەی بەوە كرد، كە لە كاتی كارەساتی بوومەلەرزەكان لە توركیا و سووریا و لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، سەرۆك بارزانی ئاگاداری كردووەنەتەوە، كە “چۆن خزمەتی خەڵكی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوهاش خزمەتی لێقەوماوانی ئەو كارەساتانە بكەن”.
دیارە سنووری خزمەتگوزارییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گەلێك بەرفراوانن و جگە لە ناوخۆی هەرێم و عێراق، سنووری دەیان وڵاتی دیكەی بڕیوە و لە پەرەسەندن و بەربڵاوبوونەوەدایە،
بەڵام ئەو كۆنفڕانسە تەنیا بۆ ئەو هاوکارییانە تەرخان كرا بوو، كە پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی سنووری عەفرین کراون.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هێماكردن بۆ ڕێنماییەكانی سەرۆك بارزانی، لەو كاتە هەستیار و پڕ كارەساتەدا، بۆ گەیاندنی هاریكارییە مرۆییەكان لە گشت سێكتەرەكاندا، گوتی: “جێی شانازییە ئەو بەلێنەی دامان، جێبەجێمان كرد و لەگەڵتان بووین و لەگەڵتان دەمێنینەوە”. جەختی لەوەش كردەوە كە لەو دۆخەدا، یەكەم ڕێكخراو و دەزگای مرۆیی لە ئاستی ناوچەكە و جیهان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو، كە گەیشتە توركیا و سووریا و دواتریش لە ساڵی 2019 زیاتر لە لە 123 تڕێیلە هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی گەیاندە ڕۆژئاوای كوردستان.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هێمای بۆ ئەوەش كرد، كە لەكاتی هاتنی بە لێشاوی پەنابەر و پەناخواز و ئاوارەكان، بەتایبەتی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان، جەنابی سەرۆك بارزانی فەرموویەتی: “ئەو خاكە، خاكی ئەوانە و میوانی منن و ئەوەی بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و گەرمیان و… هتد دەیكەن، بۆ ئەوان زیاتری بكەن”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بەشێكی دیكەی ئاخافتنەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە “لە ساڵی 2011 ژمارەی خەڵكی ڕەسەنی عەفرین 550،000 كەس بوون، كە دوای ڕوودانی جەنگ و پەلاماری چەكداران تا ساڵی 2022 تەنیا 150،000 كەس لە زێدی خۆیان مابوون، بەڵام بە هۆی پشتیڤانییەكانی مرۆیی، تا ئێستا پتر لە 400،000 كەسی ئاوارە و پەنابەر بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە”، ئەوەشی بە “مایەی شانازی بۆ هاریكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پاڵپشتەكانی” هەژمار كرد.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەارنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەندامانی بۆردەكە، سوپاسی یەك بە یەكی ئەوانەی كرد، كە بە هەر هەنگاوێكی مەعنەوی و ماددی، پاڵیشتی خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ لێقەوماوان بوون.
دوای وتەكانی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گرتەیەكی چڕوپڕی ڤیدیۆیی ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان کراون، نمایش كرا.
دواتر دوو هونەرمەندی ئامێرژەنی مۆسیقا، چەند پارچە مووزیكی ڕەسەنی كوردەوارییان پێشكەش كرد.
پاشان ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی سووریا، لە داتاشۆیێكی كارلەسەركراو و پڕ داتا و زانیاری، هێمای بۆ ئەوە كرد، كە لە كۆی چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین و دەوروبەری 38،859 خێزان (222،296 كەس) سوودمەند بوون و 2،905 كەسیش هەلی كاریان بۆ ڕەخساوە.
بەرپرسی دۆسیەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو كە دوای كردنەوەی پڕۆژه‌ی سه‌نته‌ری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و په‌ره‌پێدان، لەو سەنتەرە گرینگییەكی زۆر بە كردنەوەی خولەكان بۆ قوتابیان و منداڵان و ئافرەتان دراوە، جەختی لەوەش كردەوە كە لە عەفرین و دەوروبەری سەردانی 366 گوند كراوە، بەڵام “مامۆستای زمانی كوردی لە سێ چوار كەس تێنەپەڕیوە”، بۆیە لەو سەنتەرە بایەخێكی زۆر بە ڕاهێنان و فێركاریی زمانی كوردی دراوە، سەرەڕای ئەوەی كە بە بێ جیاوازی هەوڵ دراوە، بەشداربووانی خولەكان ببنە خاوەن كار و داهاتی خۆیان هەبێت، ئەوەشی باس كرد، دوای بوومەلەرزەكانی شوباتی 2023 و كردنەوەی نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕێگەی ئەم نووسینگەیەوە بەردەوام هاوكاریی جۆراوجۆر بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گەیەندراوە.
ڕەواج حاجی، ئەوەشی باس كرد، “لە دەستپێكی هەڵمەتی فریاكەوتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە توركیا و سووریا، جگە لە دابینكردنی خۆراك، جلوبەرگ، گەرمكەرەوە و خێوەت بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە، ستافی پسپۆڕی پزیشكی و دەرمانیش بۆ چارەسەری برینداران دابین كراون و دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین ڕێکخراوی جیهانی بووە، كە ھاوکاری بە شاری عەفرین گەیاندووە.
وەك باسی كرد، جگە لە فریاكەوتن و خزمەتگوزاری بۆ زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزەكان و پێشكەشكردنی خواردەمەنی و ژەمە خۆراكی گەرم، زیاتر لە هەزار خێوەتیان به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ دابه‌ش كردووە كه‌ خانووه‌كانیان ڕووخا بوون و بێلانه‌ ببوون، تا ئێستاش خزمەتگوزارییەكان بەردەوامن و بایەخێكی زۆریان بە خولەكانی پیشەیی و پەروەردەیی و خزمەتكردنی خاوەن پێداویستییانی تایبەت و منداڵانی ئازیز (بێباوك) داوە و لە 9 سێكتەر چالاكیی خزمەتگوزارییان هەبووە.

بەرپرسی دۆسیەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باسی ئەوەشی كرد كە(نۆرینگه‌ی گه‌ڕۆك) بە 15 پزیشك و 6 ئامبۆڵانسەوە خزمه‌تگوزاریی پشكنین و چارەسەریان لە عەفرین و 366 گوندی پێشكه‌ش كردووە، ئەمسالێش ئەو پڕۆژەیە دەستی پێكردووتەوە. ئەوە جگە لەوەی كە تیمەكانی دەزگای خێرخوازيی بارزانى هه‌ڵمه‌تى خاوێنكردنه‌وه‌ى ناو شارى عه‌فرينیان ئەنجام داوە و سەدان دار و نه‌ماميان چاندووە.
(سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پەرەپێدان) لە عەفرین، بایەخی زۆری بە كردنەوەەی پیشانگەی وێنەكێشان و كاری دەستی بۆ هونەرمەندانی عەفرین و هەڵپەڕكێی فولكلۆری و دابەشكردنی بڕوانامە بەسەر دەرچووانی خولە پیشەییەكان و یەكەمەكانی بەكەلۆریا داوە و هاكاریی نەختێنەی بەسەردا دابەش كردوون. هەروەها هاوكاریی لۆجستی بۆ شارەوانییەكانی عەفرین دابین كردووە.
لە بڕگەی كۆتایی كۆنفڕانسەكە، گرووپی هونەری فۆلکلۆری کۆبانێ، بە هەڵپەڕكێی ڕەسەن و پڕ لە پەیامی پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی، لە لایەن ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكە چەپڵەڕێزان كران.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest